هەولێر، بەبۆنەی جەژنەوە سەردانی گڵکۆی شەهیدان کرا

بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، لەشاری هەولێر کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە سەردانێکی ڕێکخست بۆ سەر گڵکۆی دوو شەهید، تێیدا یادی هەموو شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کوردستانیان کردەوە و داوایانکرد، کە یەکێتی گەلی کورد دروستبکرێت، بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدان بە فیڕۆ نەچێت.


ئەمڕۆ لە گوندی سمایلاوە لەسنووری پارێزگای هەولێر، کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشور کوردستان و تەڤگەریی ئازادیی کوردستان و ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان و کەسوکاری شەهیدان، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە سەردانی گڵکۆی  شەهید باشور و شەهید کارزانیان کرد.

مام هادی، باوکی شەهید باشور،  لەسەر ناوی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە لە باشوری کوردستان قسەی کرد و وتی: ئەمڕۆ بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە هاتووین یادی شەهیدەکانمان بکەینەوە، لێرەشەوە ڕایدەگەیەنین ئێمە وەکو لایەنەکانی دیکەنین شەهیدەکانمان تەنها بۆ بەرژەوەندی بوێت، بەڵکو ئێمە بەخوێن و گیان شەهیدەکانمان دەوێت، خوێنی شەهیدەکانمان زۆر پیرۆزە و ڕێبازی شەهیدەکانیشمان بەرنادەین، شانازی بە شەهیدەکانمانەوە دەکەین.

دواتر سەمیرە ساڵح، بەناوی ڕێکخراوی ژنانی ئازادیی کوردستان- ڕژاک قسەی کرد و وتی: بۆ ئەوەی خوێنی شەهیدەکانمان بە فیڕۆ نەچێت، پێویستە هەموو لایەناکان لەژێر چەتری کۆنگرەی نەتەوەیی کۆببەنەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی دووژمنانی گەلی کورد بووەستینەوە، چونکە گەلی کورد لەئێستادا زیاتر پێویستی بە یەکگرتووی هەیە.

وتیشی: شەهیدبوونی ڕۆڵەکانی باشوری کوردستان، لە باکور و ڕۆژئاوای کوردستان و شەهیدبوونی ڕۆڵەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە باشوری کوردستان، دەرخەری ئەوەیە کە شەهیدان بەخوێنی خۆیان هەموو ئەو سنوورە دەستکردانەیان تێکداوە، کە داگیرکەرانی کوردستان دروستیان کردووە.

د.ع