هەولێر، لە خۆپیشاندانێکدا گەلەکۆمەی سەر ئۆجالان شەرمەزار کرا

لە شاری هەولێر، بە وتنەوەی دروشم و هەڵگرتنی وێنەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، خۆپیشاندانێک بەڕێوەچوو، تێیدا گەلەکۆمەی نێودەوڵەتیی و گۆشەگیریی سەر ئۆجالان شەرمەزار کرا.


وەک زۆرینەی شار و شارۆچکەکانی دیکەی باشوری کوردستان، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە بەردەم فەرمانگەی نیشنگەی  هەولێر، بۆ شەرمەزارکردنی پیلانگێڕیی ١٥-شوباتی ١٩٩٩ لەسەر ئۆجالان، خۆپیشاندانێک تا بەردەم بارەگای  نەوەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبرا.

سبەینێ ٢١ ساڵ بەسەر ڕفاندنی ئۆجالاندا تێدەپەڕێت، چالاکییەکەی هەولێر کە بە دەستپێشخەریی کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان بەڕێوەچوو، ئامانجی شەرمەزارکردنی ئەو گەلەکۆمەیە بوو.

لە خۆپیشاندانەکدا، ژنان بەشدارییەکی بەرچاویان هەبوو، هەروەها وێنەکانی ئۆجالان بەرزکرابووەنەوە و دروشمەکانی "بێ سەرۆک ژیان نابێ - ئازادیی بۆ سەرۆک ئاپۆ" هتد... دەوترانەوە.

بەیاننامەی کۆمیتەی ئازادیی بۆ ئۆجالان لەلایەن مامۆستا ئیدریسەوە خوێندرایەوە، کە تێیدا داوای کۆتاییهێنان بە گۆشەگریی ئۆجالان و ئازادکردنی کرابوو، هەروەها ئاماژەوە بەوەکرابوو، کە وێڕای گۆشەگیریی توند و گەورەیی پیلانەکە، ئۆجالان توانیوەیەتی هەموو پیلانەکان تێکبشکێنێت.

لەو بەیاننامەدا، باس لەوەش کرابوو، کە ئۆجالان لە چەندین ڕێگاوە هەوڵی بۆ ئاشتی داوە، بەڵام "ڕژێمی تورکیا نەک بەهەند وەری نەگرت، بەڵکو سزای زیاتر و گۆشەگیرکردن و ئەشکەنجەی دەروونی زیاتری پەرەپێدا، هاوکات هەڕەشە و پەلاماری بۆ سەر گەلی کورد و نوێنەرەکانی گەیشتە ئاستی کۆمەڵکوژیی و سیاسەتی نکۆڵی و قڕکردنی زیاتر".

هەروەها ئاماژە بە دۆخی ئێستای ئۆجالان کراوە، کە گۆشەگیرییەکی توندی لەسەرە و بۆ ئەوەش ڕەخنە لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی گیراوە کە بەرامبەر بەو نادادییانە بێدەنگن، داواشیانکرد، "کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەم ڕوەوە بە ئەرکی یاسایی و ئەخلاقی و مرۆیی خۆیان هەستن".

س.ح