هەڵمەتی سڕینەوەی ئەو کەناڵانە بەڕێوەدەچێت کە درامای تورکیی پەخش دەکەن

ڕۆژی ١١/١١/٢٠١٩ وەک ڕۆژی هەڵمەتی سڕینەوەی ئەو کەناڵانە دەستنیشان کراوە، کە بەردەوام دەبن لە پەخشکردنی زنجیرە فیلمی تورکیی و بە دەیان هەزار هاوڵاتیی باشوری کوردستان، بەشداریی لە هەڵمەتەکەدا دەکەن.


لەگەڵ دەستپێکردنی هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکییدا، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەستکرا بە بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی بە ئامانجی بایکۆتکردنی زنجیرە فیلمی تورکییش، هاوڵاتیان داواشیان لەو کەناڵانە کرد، کە پەخشکردنی زنجیرە فیلمی تورکیی ڕاگرن.

ئەگەرچی هەریەک لە کەناڵەکانی، فامیلی، فاڵکۆن، پێشتریش کوردسات و بی ئێم سی، پەخشکردنی زنجیرە درامای تورکییان ڕاگرت، بەڵام چەندین کەناڵی ناوخۆیی و ئاسمانیی کوردیی هەن، کە تا ئێستا بەردەوامیی بە پەخشکردنی زنجیرە درامای تورکیی دەدەن.

بەشدارانی هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکیی، مۆڵەتیان داوە بەو کەناڵە کوردییانە و بڕیاریانداوە، ئەگەر پەخشکردنی ئەو زنجیرانە ڕانەگرن، ئەوا ڕۆژی ١١/١١/٢٠١٩ دەکەنە ڕۆژی هەڵمەتی سڕینەوەی ئەو کەناڵانەی زنجیرە فیلمی تورکیی پەخش دەکەن و لەگەڵ ئەواندا چەندین کەناڵی تورک-یش لە ئامێرەکانی سەتەلایتدا دەسڕنەوە، بە دەیان هەزار هاوڵاتییش ئامادەییان نیشانداوە، بەشداریی لە هەڵمەتەکەدا بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بەشێک لەو کەناڵە کوردییانە، ڕایانگەیاندووە، کە لەگەڵ تەواوبوونی ئەو زنجیرانەی، کە ئێستا لە پەخشدان، ئیدی زنجیرە فیلمی تورکیی دۆبلاژ ناکەن، بەڵام ئەم وەڵامە بۆ چالاکوانانی هەڵمەتەکە قایلکەر نییە و دەڵێن، کە دەبێت پەخشکردنەکە ڕابگرن.

ش.ف