هەڵوێست و هونەر و بەرەنگاریی حەمەجەزا بڵاوکرایەوە

لە ساڵیادی کۆچی دوایی حەمەجەزا-دا، کتێبێک لەژێر ناوی " حەمەجەزا.. جیهانێک لە هونەر و هەڵوێست، هۆنراوە و بەرەنگاریی"، بڵاوکرایەوە.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەک لە هۆڵی کوردستانی نوێ لە شاری سلێمانی، بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هونەرمەند حەمەجەزا-وە، لە مەراسیمێکدا کتێبێک بەناوی "حەمەجەزا.. جیهانێک لە هونەر و هۆنراوە و هەڵوێست و بەرەنگاریی" لە نووسینی د. عه‌بدولواحید ئیدریس شه‌ریف ناسێندرا.

ناوەڕۆکی کتێبەکە باس لە ژیانی حەمەجەزا و هەڵوێستی شۆڕشگێڕیی و هونەرەکەی دەکات.

لەو مەراسیمەدا، کە جگە لە کەسوکاری هونەرمەندی کۆچکردوو، ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان ئامادەیبوون، هونەر حەمە جەزا، گۆرانییەکی پێشکەش بە ئامادەبوان کرد و بەناز حەمەجەزا-ش شیعرێکی خوێندەوە.

هەروەها، هەریەک لە ساڵح بێچار، شاعیر و نووسەر و ئەنوەر قەرەداغی، هونەرمەند و چەند هونەرمەندێکی دیکە وتاریان پێشکەش کرد و باسیان لە کەسایەتیی و حەمەجەزا و دەنگە پڕ لە سۆزەکەی کرد.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا، د.عەبدلواحید ئدریس کتێبی"حەمەجەزا.. جیهانێک لە هونەر و هەڵوێست و بەرنگاریی"ی بەسەر ئامادەبواندا دابەش کرد.

هونەرمەندی گۆرانیبێژ، حەمە جەزا، خەڵکی شاری سلێمانییە و لە ١/١٠/٢٠١٠ بە نەخۆشیی لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

حەمە جەزا، لە جگە لە دەنگە خۆش و گۆرانییە ڕەسەنەکانی، بە هەڵوێستیی نیشتیمان پەروەریی و شۆڕشگێڕیی لەناو خەڵکدا ناسراوبوو.

ش.ف