هەڵەبجە، گەنجان لە ڤیستیڤاڵێکدا تواناو خولیاکانیان خستەڕوو

بەبۆنەی ٢٨مین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێكخراوی منداڵپارێزیی كوردستان، ڤیستیڤاڵێكی هونەری و شێوەكاری تایبەت بەگەنجانی شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو.


بەبۆنەی ٢٨مین ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی منداڵپارێزانی کوردستان لە ڤیستڤاڵێکدا چەندین چالاکی بەڕێوەچوون کە بریتی بوون لە، كاری هونەریی،شێوەكاری وێنە،دروومان، كاری دەستی ژنان ، میوزیك و دەف لێدان.

هەروەها ژمارەیەكی زۆرلە کچان و ژنانی هەڵەبجە بەكێشان و دروستكردنی تابلۆی تایبەت بەشدارییان تێیدا کرد، هاوکات ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانیش بۆ سەیرکردنی تابلۆ و کارە دەستیەکان و بینینی چالاکیەکان ئامادەی بوون.

ڕوخسار ڕەحمەت قوتابی شێوەكار لەپەیمانگای هونەرە جوانەكانی هەڵەبجە بۆ ڕۆژنیوز وتی: كۆمەڵێك گەنجی شێوەكارین لەپارێزگای هەڵەبجە، توانیومانە ئەو بەهرەو توانایانەی تێماندا هەیە، لەئەمڕۆدا پیشانی هاوڵاتیانی بدەین.

وتیشی: بەسێ‌ وێنە بەشداریم لە ڤیستیڤاڵەكەدا كردووە، زۆربەیان باس لەسروشت دەكەن.

بەشداربووانی ڤیستیڤاڵەکە پێیان وایە، ئەم جۆرە ڤیستیڤاڵە بۆ ئەوان واتای نمایشکردنی توانا و خولیاکانیانە، داواش لە سەرجەم کچ و ژنانی شارەکە دەکەن بۆ بەرەوپێشترچوونی لایەنی ڕۆشنبیری شارەکە، بەشداری لەمجۆرە چالاکیانەدا بکەن.

 

ب.ش