وەزارەتی ناخۆ: دەتوانرێت فیلمی ١٤ی تەمموز نمایش بکرێت

دەربارەی ڕاگەیەندراوێکی سینەما سالم کە ڕایانگەیاند، ئاسایشی سلێمانی پێی ڕاگەیاندوون نابێت فیلمی ١٤ی تەمموز نمایش بکرێت، بریکاری وەزارەتی ناخۆ بۆ ڕۆژنیوز دواو ئەو بڕیارەی ڕەتکردەوە.


لە ڕاگەیەندراوێکدا سینەما سالم ڕایگەیاند، کە ئاسایش ئاگاداری کردوونەتەوە کە نابێت فیلمی ١٤ی تەمموز نمایش بکرێت، لەو بارەیەوە جەلال شێخ کەریم بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئازاد بایز جێگری بەرێوبەرایەتی هونەر و ڕۆشنبیری سلێمانی، بۆ ڕۆژنیوز قسەیان کرد.

جەلال شێخ کەریم، وتی: لەگەڵ وەزیری ڕۆشنبیری و بەرێوبەری گشتی ئاسایشی سلێمانی قسەم کردووە، کە ئەوفیلمە هیچ کێشەیەکی نییە و پێشتر لە فێستیڤاڵی سلێمانی و دهۆک بەشداریکردووە و دەتوانرێت نمایش بکرێت و ڕێگری لێ ناکرێت.

هەروەها ئازاد باییز، سەبارەت بە ئەو بڕیارەی ئاسایشی سلێمانی بۆ ڕاگرتنی فیلمی ١٤ تەمموز، بێ ئاگایی خۆیانی راگەیاند.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنیوز، دوای ئەوەی ئاسایشی سلێمانی بەڕێوەبەرانی سینەما سالم-ی ئاگادارکردووەتەوە، کە نابێت ئەو فیلمە نمایش بکرێت، دواتر پەیوەندییان پێوەکردوونەتەوە و ڕایانگەیاندووە، کە ئاسایش هەڵە لە بابەتەکە تێگەشتووەو دەتوانرێت فیلمەکە نمایش بکرێت.

 فیلمی ١٤ی تەمموز لە باکوری کوردستان بەرهەمهێندراوە و لە دەرهێنانی دەرهێنەری کورد هاشم ئایدەمیر-ە، فیلمەکە بە زمانی تورکی بەرهەمهێندراوە و ژێرنووسی کوردیی کراوە، ناوەڕۆکی فیلمەکەش باس لە بەرخۆدانی زیندانی ئامەد دەکات لە ساڵانی ١٩٨٠-دا، کە تێیدا زیندانییە کوردەکان دەچەوسێندرێنەوە و ڕێگایان پێنادەن بە زمانی دایک قسەبکەن، لەبەرامبەردا زیندانییەکانی هەڵوێست دەردەبڕن، بەجۆرێک لە ساڵی ١٩٨٢-دا یەکێک لە پێشەنگانی پەکەکە بەناوی 'مەزڵوم دۆغان'، وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو ئەشکەنجەیەی کە لەسەریان بوو، هاوکات لەگەڵیەکەمڕۆژی نەورۆز، ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا، کە ئەوەش دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و تاوەکو ئێستاش مەزڵوم دۆغان وەک سیمبولی نەورۆز ناودەهێندرێت.

ئەمانە لەکاتێکدایە، بڕیارە فیلمەکە، لە یەکی مانگی داهاتووەوە تا ٧ی مانگ، فیلمەکە لە هۆڵی سینەما سالم نمایش بکرێت.

س.ح