١٠ساڵە هاوڕێن و پێکەوە تابلۆ دەکێشن

دووژنە شێوەکاری دانیشتووی شارۆچكەی شارەزوور، کە هاوڕێی یەکترن،بە هونەری وێنەكێشان تواناکانی خۆیان دەخەنەڕوو وەک خۆشییان دەڵێن، لە پاڵ کارەکەیان و کردنەوەی پێشانگا لە ڕێگەی هونەرەکایانەوە بژێوی خۆیان دابین دەکەن.


هودا و سۆزیار دووژنە بەهرەمەندی دانیشتووی شارۆچكەی شارەزووری سەر بە پارێزگای سلێمانین، هەرچەندە تا قۆناغی ١٢ ئامادەییان خوێندەوە و هیچ بڕوا نامەیەکی هونەرییان نییە، بەڵام لە هونەری شێوەکارییدا خاوەن بەهرە و توانایەکی باشن و تائێستا چەند پێشانگایەکیان کردوەتەوە.

هودا ئەحمەد، تەمەنی٢٣ ساڵە، لە بارەی کار و هونەرەکەیانەوە قسەی بۆڕۆژنیوز كرد و وتی:لەگەڵ سۆزیاری هاوڕێم ماوەی ١٠ ساڵە هاوڕێین هەردووکمان خولیای وێنە کێشانمان هەبوو، بۆیە پێمان باش بوو پێکەوە کار بکەین هەم هونەرەکەمان پیشبخەین و هەمیش سودیی ماددیی بۆمان هەبێت.

هودا و سۆزیار بۆ ئەوەی زیاتر خەڵك ئاشنای كارەكانیان بێت لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە وێنەو كارەكانیان پیشانی هاوڵاتیان دەدەن و كەسانێكی زۆریش ڕۆژانە لەكوڕان و كچان داوای دروستكردنی وێنەیان لێدەكەن لەناوچە جیاوازەكانەوە.

تابلۆ و وێنەكانیان بەچەندین شێواز و کەرەستە دروستدەكەن، بۆ وێنەی ڕەش و سپی، پێنووس و لاستیكی تایبەت لەگەڵ فەحم بەكاردێنن، هەروەها بۆ تابلۆ ڕەنگاوڕەنگەکانیش بۆیەی ئاوی لەگەڵ زەیتی بەكاردێنن.

بەوتەی هودا، خواستی کڕیارەکانیان زیاتر لەسەر وێنەی ڕەش و سپییە، لەو ڕووەوە وتی: هەر لەماڵەوە وێنەكان دروستدەكەین و زۆرجار دروستکردنی وێنەی کەسێک کە بۆمان دەنێرێت ١٠ ڕۆژی پێدەچێت، "من و سۆزیاریش هەر جارە و یەکێکمان وێنەکە دەکێشین و لەبەرامبەر دروستکردنی هەر وێنەیەکیش ٢٠ هەزار دینار یان زیاتر وەردەگرین".

ئەو دوو هاوڕێییە تائێستا شەش پێشانگای هاوبەش، لەگەڵ دوو پێشانگای تایبەتیشیان لە شارۆچکەکەیان کردووەتەوە و پلانیشیان هەیە بەردەوامبن لەبرەودان بەكارەكەیان و دەست بەرداری كارەكەیان نابن.

بەهرەمەندەکەی دیکە سۆزیار سەمین، تەمەن٢١ ساڵ، بەهەمانشێوە قسەی بۆ ڕۆژنیوز کرد و وتی:زۆربەی وێنەكانمان كەدروستی دەكەین بۆ گەنجانە زیاتریش كوڕان داوای دەكەن، بەهۆی ئەوەی كوڕان بژێوی ژیانیان لەسەر خۆیانە، كچانیش زۆرجار داوای دروستكردنی وێنەی خۆیان دەكەن.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، لەزۆربەی شارەكانەوە لەڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیفەیسبوكەوە پەیوەندیمان پێوە دەكەن، زۆربەی داواكارییەكانیش زیاتر لەشاری سلێمانیەوەن، "بەكارەكەشمان تاڕادەیەك بژێوی ژیانی خۆمانی پێدابین دەكەین،بەڵام دروستكردنەكەی ماندوبونێكی زۆری دەوێت".

ئەو ژنە شێوەكارە باسی لەوەشكرد، کە "خێزانەكەم پشتگیرمن، پێداویستیەكانم بۆ دابین دەكەن،هەرچەندە كاری وێنەكێشان لەمنداڵیەوە حەزو خولیایی خۆمبوو، بەڵام تاگەیشتوم بەم ئاستەی ئێستام،بەردەوامخێزانەکەم پشتگیرییان کردووم".

سۆزیار پەیامیشی بۆ هاوڵاتیانی شارۆچكەکەی ئەوەبوو، هەر كەسێك لەخێزانەكاندا بەهرەیەكی لەمجۆرەیان هەیە گرنگی پێبدەنو بەهیچ جۆرێكڕێگریان لێنەكەن، چونكە ئەو بەهرەیە خودا پێیداون لەسنوری خۆیان دەتوان زۆر بەجوانی بەكاری بهێنن.

ک.س