١٤ی تەمموز.. فیلمی گێڕانەوەی ئازار و تێکشکانی فاشیزم

دوای نزیکەی مانگێک لە پەخشکردنی فیلمی "١٤ی تەموز" لەسەر شاشەی سینەما سالم لە شاری سلێمانی، گفتوگۆیەک لە بارەی فیلمەکەوە بەبەشداریی ژمارەیەک لە نووسەر و ڕۆژنامەوان و هاوڵاتیان سازکرا و تیایدا ئاماژە بەوەکرا ئەو فیلمە ئازاری نەتەوەیەک دەگێڕێتەوە و قۆناغەکانی تێکشکاندنی فاشیزم دەخاتەڕوو.


دوێنێ لە هۆڵى سینەما سالم، گفتوگۆیەک لەسەر فیلمى ١٤ى تەموز، بە بەشدارى حەسەن جودى، ڕۆژنامەنووس و نووسەر، فاروق ڕەفیق، نووسەر و توێژەرى بوارى فەلسەفە و هەوراز محەمەد، سینەماکار بەڕێوەچوو.

لە گفتوگۆکەدا تیشک خرایە سەر لایەنی هونەریی و فکریی و مێژوویی فیلمی "١٤ی تەموز" لە دەرهێنانی هاشم ئایدەمیر، بەشداربووان جەختیان لە گرنگی فیلمێکی لەو شێوەیە کردەوە تا ئازارەکانی نەتەوەیەک بە هەمووان نیشانبدات.

هەوراز محەمەد: ١٤ی تەموز فیلمی گێڕانەوەی ئازارە

هەوراز محەمەد، یەکێک لەو سینەماکارانەی لە گفتوگۆکەدا بەشداریی کرد، باسی لەوە کرد "١٤ی تەموز" فیلمی ئازارە، بۆیە کاتێک هەر بینەرێک بە هەر زمانێکی ئەم دونیایە فیلمەکە دەبینێت، هەست بە ئازاری ڕاستەقینەی ناو ئەو زیندانە دەکات، جەختیشیکردەوە، کە دەرهێنەر و ستافی بەرهەمهێنانی فیلمەکە، توانیویانە بەشێوازێکی جوان ئازارەکانی ئەو زیندانە بگوێزنەوە.

ئەو سینەماکارەی باشوری کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە ئەو فیلمە بە شێوازێکی ڕاستگۆیانە قۆناغێکی تورکیا دەگێڕێتەوە، لەکاتێکدا هەر لەو فیلمەدا ئەوەمان نیشان دەدرێت کە چۆن دەرهێنەرێکی تورک دەیەوێت فیلمێک لەسەر ئەو زیندانە دروست بکات و وێنەیەکی ناڕاست پیشانبدات بە شێوەیەک، کە گوایە دۆخی زیندانییەکان زۆر لە ئاستێکی بەرزدایە، هەوراز وتیشی:"سینەمای تورکیی لەو سەردەمەدا وێنەیەکی هەڵەی گواستووەتەوە".

هەوراز محەمەد سەرنجی بۆ دیمەنەکانی کۆتایی فیلمەکە ڕاکێشا و وتی: "فیلمەکە کۆتاییەکی شادی هەیە و لەوەشدا پەیامێک هەیە، کە هەمیشە بەرخۆدان کۆتاییەکەی هەر سەرکەوتنە، وەک چۆن لە فیلمەکەدا دیالۆگێک هەیە دەڵێت جگە لە سەرکەوتن هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە".

 

فاروق ڕەفیق: فیلمەکە توڕەمان دەکات، بەڵام نامانکات بە شۆڤێنی

لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکە لەسەر فیلمی ١٤ی تەموز، کە لەماوەی مانگی ڕابردوودا زیاد لە دوو هەزار بینەری لە شاری سلێمانی هەبوو، فاروق ڕەفیق نووسەر و لێکۆڵەر، لەبارەى فیلمەکەوە وتى: هەرچەندە لە فیلمەکەدا ئەشکەنجە زۆر پیشان دەدرێت، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە هەموو ئەو ئەشکەنجەیە نییە، کە لەو زیندانەدا هەبووە.

فاروق ڕەفیق وتیشی:"ئەم فیلمە یەکێکە لەو فیلمە گرنگانەی، کە منی ڕاچڵەکاند، ماوەیەکی درێژ بوو چاوەڕێبووم فیلمی لەم شێوەیە بەرهەمبهێندرێت، فیلم لەسەر ئەو ئازارە گەورەیەی کە ناوی کوردبوونە، بێگومان لە باکور هۆشیارییەکی جیاوازتر لەوەی باشور هەیە، بۆیە چاوەڕی دەکرێت هەر لەوێشەوە فیلمی لەو شێوەیە بەرهەم بهێندرێت".

فاروق ڕەفیق باسی لەوەش کرد "١٤ی تەموز" فیلمێکە باس لە ئازاری کوردبوون دەکات، ئازارێک کە تا ئێستاش بەردەوامە، جەختیشی کردەوە کە فیلمەکە دوای بەزەییمان لێ ناکات و توڕەمان دەکات بەڵام نامانکات بە شۆڤێنی، وادەکات سنورێک بۆ نادادپەروەیی دابنێیت، وامان لێ دەکات بە شوناسی خۆماندا بچینەوە، بە هیوای ئەوەی سنورێک بۆ ئەو لێدانە لە شوناس و کەرامەتمان دابنێین.

 

حەسەن جودی: فیلمەکە قۆناغەکانی تێکشکاندنی فاشیزمی تورکی پیشان دەدات

حەسەن جودی، نوسەر و ڕۆژنامەوان لەبارەی چوارچێوەی مێژوویی فیلمەکەوە قسەی کرد، هاوکات ئاماژەی بۆ هەوڵی قەدەغەی فیلمەکە کرد لە باشوری کوردستان، بەڵام سەرەڕای هەموو فشارەکان فیلمەکە نمایشکرا، جودی وتی "لە مێژووی باشوری کوردستاندا ئەمە دووەمین فیلمە قەدەغە دەکرێت و سانسۆری دەخرێتەسەر، ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا فیلمێک بەناوی وڵاتی بێ ئاسمان بەهۆی ئەوەی دوو دیمەنی لەسەر ڕووداوی ٣١ی ئاب تێدابوو، قەدەغەکرا".

ئەو ڕۆژنامەوانە جەختی لەوەکردەوە، کە قورسایی فیلمی "١٤ی تەموز" لەسەر فاشیزم و قۆناغەکانی تێکشکانیەتی، لەوبارەیەوە وتی:"فاشیزم لە تورکیادا سێ قۆناغی  گرنگی هەیە،  قۆناغی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ ئەو کاتەی لە سەردەمی کەمالیزمدا دەوڵەتی نەتەوە دروست دەبێت، دەوڵەتێکی تورکی، کە نکۆڵی لە هەموو نەتەوە و ئیتنیکەکانی دیکە دەکات، چونکە لە تورکیا ٤٣ ئیتنیک هەیە، هەمووان نکۆڵییان لێکراوە و دەبێت ببن بە تورک، قۆناغی دووەمی فاشیزم لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ دوای ئەو کودەتایەی لە ساڵی ١٩٨٠ ڕویدا، ئەم فیلمە باس لەو قۆناغە دەکات، قۆناغی سێیەمی فاشیزم ئەوەیە کە ئێستا لە تورکیا هەیە و ئەردۆغان بەڕێوەی دەبات، کە فاشیزمێکە لە تێکەڵەی ناسیۆنالیزم و ئایین دروستبووە".

حەسەن جودی، بەهەمان شێوەی فاروق ڕەفیق تیشکی خستەسەر ئەو ئەشکەنجانەی لەو فیلمەدا هەن و باسی لەوە کرد، تەنانەت فیلمەکە لە سەدای ١٠ی ئەو ئەشکەنجەیەی تێدا نییە کە بە ڕاستی لە زیندانی ئامەددا هەبووە، وتیشی:"جگە لە ئەشکەنجەی جەستەیی، هاوکات ئەشکەنجەی زۆری دەروونیش هەبووە، بۆ نمونە لە کاتی نانخواردندا ئەو ژووری زیندانییەی ١٥ کەسی تێدا بووە، تەنها ١٤ کەوچکیان پێداون، بۆ ئەوەی لەناو زیندانییەکاندا ببێتە ناکۆکی و ململانێ، بەڵام هەموویان لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون، ١٣ کەوچکیان خستووەتە لاوە و هەر پانزە زیندانییەکە بە یەک کەوچک نانیان خواردووە، بەو شێوەیە لە زینداندا بەرخۆدانیان کردووە".

لە فیلمەکەدا چەندین دیمەنی تێدایە کە بەرپرسانی زیندانیەکە بە کوردە زیندانیکراوەکان دەڵێن، سەرەتا دەبێت ببنە مرۆڤ، دواتر بە تورک، حەسەن جودی لەسەر ئەو خاڵە ڕادەوەستێت و دەڵێت:"ئەوە بە مانای ئەوە دێت واتە هێشتا ئێوە زۆر دوورن لەوەی ببنە تورک، فاشیزم ئەوەیە تورکبوون لەسەرووی ئینسانبوونەوە دەبینێت، لەبەر ئەوە لە تورکیا لە بەرامبەر ئەو فاشیزمەی لە ئارادابوو سێ قۆناغی سەخت لەبەردەم بزوتنەوەی ئازادیخوازی پەکەکەدا هەبوو، سەرەتا ئینسانی کورد دەبێت لەتورکەوە بیکەیتەوە بە کورد، لە کوردەوە بیکەیت بە وڵاتپارێز و نیشتمانپەروەر، دواتر بیکەی بە شۆڕشگێڕ. لەبەرامبەر ناسیۆنالیزم، پەکەکە نەهات ناسیۆنالیزمێکی دیکە پێشبخات، ئەمەش یەکێکە لەنهێنییەکانی سەرکەوتنی ئەو بزوتنەوەیە، لەم فیلمەدا قۆناغ بە قۆناغ باس لە شکاندنی فاشیزمی تورکی دەکرێت".

لەکۆتایى گفتوگۆکەدا بەشداربووان، کە هەموویان بینەرى فیلمەکە ببوون، سەرنجى خۆیان لەسەر فیلمەکە خستەڕوو، هەریەکان باسى لەو وێنەیەکرد، کە فیلمەکە لە زهنى ئەواندا دروستى کردبوو.

د.ع