پارکی نالی، شوێنێک بۆ گردبوونەوە و ناڕەزایەتییەکان و چالاکییە هونەرییەکان

لە هەر وڵات و شارێک، شوێنێک هەیە کە بووەتە سیمبولی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و چالاکیە هونەرییەکان و بووە بە سەکۆیەک بۆ کۆکردنەوەی ئەو کەسانەی، کە دژی ستەمکاری دەوەستنەوە یاخود ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت چاو و گوێیان تێرکەن بەو چالاکیە هونەرییانەی کە لە پارک و شوێنە گشتییەکان ئەنجامدەدرێن.


لە شاری سلێمانیش پارکی نالی بووەتە ئەو سیمبولەی، کە چالاکوانان گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکان و ھونەرمەندان بەرهەمە ھونەرییەکانیانی تێدا نمایشبکەن و سەرنجی ئەو هاوڵاتیانە بەلای خۆیاندا ڕابکێشن، کە ڕێگای بازاڕیان گرتووەتەبەر تا وایان لێبکەن کە بەشدارییان لەگەڵدا بکەن، ئەمەش بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیەکەیەوە کە لە سەنتەری شاردایە.

ئەردەڵان شێخ فاتیح، یەکێک لەو چالاکوانانەی کە لە زۆربەی چالاکیە ناڕەزایەتییەکاندا لە پارکی نالی بەشدار بووە، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێستا لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا، پارکی نالی هەیە، کە دەکەوێتە سەنتەری شاری سلێمانیەوە و بووەتە مەیدانی گردبوونەوەی چالاکییەکان و چالاکوانان چالاکییەکانی خۆیانی تێدا ئەنجامدەدەن.

لە پارکی نالییدا ڕووبەرێکی بەرفراوانی سەوزایی بوونی هەیە و پەیکەری شاعیری گەورەی کورد نالی تێدایە، کە لەلایەن چێنەر نزاری پەیکەرسازەوە دروستکراوە، دوای ئەوەی پارکی نالی دروستبووە، بیرۆکەی دروستکردنی پەیکەری نالی لای چێنەری پەیکەرساز گەڵاڵەبووە.

چێنەر نزار، پەیکەرساز، سەبارەت بە بیرۆکەی دروستکردنی پەیکەری نالی، بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە ساڵی ٢٠١٥ کە ڕۆژانە بە بەردەم پارکی نالیدا هاتووچۆم دەکرد، هەستمەکرد کە دەبێت پارکی نالی پەیکەرێکی نالی تێدا بێت، بۆیە بیرۆکەی دروستکردنی ئەم پەیکەرەم لا دروست بوو.

ئەو پەیکەرتاشە، لە بارەی پەیکەرەکەوە وتی: پەیکەری نالی مەترێک و ٢٠ سانتیم بەرزە، بە بنکەکەشیەوە دوو مەتر و ٨٠ سانتیمە، بە برۆنز ڕووپۆش کراوە، وە لە بیرۆکەمدایە کە لە داهاتووشدا نالی و حەبیبە بەرامبەر یەک دروست بکەم و لەم پارکەدا دایبنێم.

بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری سلێمانیش پێیوایە، کە چالاکییە هونەرییەکان لە شوێنە گشتیەکان و ڕووبەرە سەوزاییەکاندا ئەنجامبدرێت زیاتر گرنگە و هاوڵاتیان زیاتر ڕووی تێدەکەن و هەناسەیەکی هونەری لەگەڵ بەرهەمەکانی هونەرمەندەکاندا دەدەن.

بابەکر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی، سەبارەت بە ئەنجامدانی چالاکیە هونەرییەکان لە پارکە گشتیەکاندا وتی: کۆبوونەوەی خەڵک بۆ چالاکی هونەری و ناڕەزایەتییەکان لە پارکی نالیدا، دەکەوێتە بەرچاوی خەڵکێکی زۆرەوە، هەربۆیە پارکی نالی هەقی بایەخپێدانی هەیە و پێمان خۆشە کە چالاکیە هونەرییەکان لەوێ ئەنجامبدرێت.

وتیشی: ئامانجمانە کە چالاکیە هونەرییەکان لە هۆڵە داخراوەکانەوە بهێنینە ناو پارک و شوێنە گشتییەکان، گرنگە کە فەزای کراوە و سەوز بکەین بە شوێنی چالاکی سیاسی و ڕۆشنبیری و هونەری، تاوەکو خەڵک بە ئاسانی هەناسەی فیزیکی یان ڕۆشنبیری هەڵمژێت.

پارکی نالی، لە ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن شارەوانی سلێمانیەوە دروستکراوە و ڕووبەرەکەی هەزار مەتردووجایە و دەکەوێتە سەنتەری شاری سلێمانیەوە، دوو پەیکەری تێدایە کە یەکێکیان پەیکەری نالی شاعیرە و ئەوی دیکەیان پەیکەری گوێدرێژێکە، کە بە (کەرەیارەیە) ناسراوە، هەروەها فوارەیەک و حەوزێکی ئاوی تێدایە، لەگەڵ دوو شوێنی یاری تایبەت بە منداڵانی تێدایە لەگەڵ ٣٢ کورسی دانیشتنی هاوڵاتیان.

زیاتر لە ٦٠ جۆر دار و دەوەنی جۆراوجۆر ل پارکی نالیدا هەیە، لەگەڵ زیاتر لە ١٠٠ جۆر لە گووڵەباخ.

 

ب.ل