په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری قالەی پاڵەوان لادرا

له‌مه‌راسیمێكدا له‌شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵی سه‌ربه‌پارێزگای سلێمانی په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری قاله‌ لادرا،  پاڵه‌وانێكی ڕزگاركەری هاوڵاتیان بووە لە شاڵاوی ئەنفالی سێ-دا.


ئەمڕۆ له‌به‌رده‌م سه‌رۆكایه‌تیی زانكۆی چه‌رموو لە شارۆچکەی چەر بە پارێزگای سلێمانی، په‌رده‌ له‌سه‌ر په‌یكه‌ری عيبدولقادر مەحمود، ناسراو بە "قاله"‌ لادرا،  كه‌ ژماره‌یه‌كی زۆر كه‌سی له‌ پرۆسه‌ی ئه‌نفال ڕزگاركردووە.

ئەو په‌یكه‌ره‌ له‌سەرئەرکی بەڕێوبەرایەتیی ڕۆشنبیریی و هونه‌ریی چه‌مچه‌ماڵ به‌هاوكاری شاره‌وانیی ئه‌و شارۆچكه‌یه‌ و لەلایه‌ن په‌یكه‌رساز ڕێكه‌وت لوڕی دروستكراوه‌.

قاله‌ به‌هۆی جۆشدانی خه‌ڵكه‌وه‌ له‌ئه‌نفالی قۆناغی سێدا له‌سنووری چه‌مچه‌ماڵ و ڕێگریی كردووە له‌ئۆتۆمبێله‌كانی به‌عس و له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ دا توانیوێتی زیاتر له‌هه‌زار كه‌س ڕزگاربكرێت، بۆیە وەک پاڵەوان ناوبانگی دەرکردووە.

عەبدولرەحمان سدیق وه‌ك هاوڕێیه‌كی عبدولقادر محه‌مه‌د كه‌ ناسراوه‌ به‌قاله‌ له‌باره‌ی دروستكردنی په‌یكه‌روه‌كه‌وه‌ بۆ رۆژنیوز وتی: كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ ئیتر ئه‌م نیشتمانه‌ ته‌نها ده‌سه‌ڵاتداران خاوه‌نی بن به‌ڵكو نیشتمانی ئه‌و سه‌ربازه‌ ونانەش بن، كه‌ گیانی خۆیان له‌پیناویدا به‌خت ده‌كه‌ن.

عەبدولقادر محه‌مه‌د، ساڵی 1957 له‌شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ دایكبووه‌، کەسێکی بێ لانه‌بووه‌و شه‌وان له‌مزگه‌وته‌كان خەوتووە،  بۆ بژێوی رۆژانه‌ی خۆی شتی ورده‌واڵه (بنێشت، بسکیت، مەساسە...)‌ی ده‌فرۆشت و له‌ناو خه‌ڵكیدا به‌قاله‌ شێت ناسرابوو".

له‌ ڕۆژی 11ی نیسانی ساڵی 1988 كه‌ ڕژێمی به‌عس  له‌قۆناغی سێی ئه‌نفالدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌گوندنشینانی سنووری سه‌نگاو و ناوچه‌ی زه‌نگه‌نه‌ و هه‌مه‌وه‌ندی  ده‌ستگیركردبوو، به‌ ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی و تراكتۆر  ده‌یویست بیگوازێته‌وه‌ بۆ لیوای چه‌مچه‌ماڵ تا له‌وێوه‌ ڕه‌وانه‌ی مه‌رگیان بكات، له‌وكاته‌دا ددانیشتوانی چه‌مچه‌ماڵ و شاره‌دێی شۆرش خۆپیشاندانیان كرد و قاله‌ به‌بێی خاوس به‌ناو شاردا ده‌سوڕایه‌وه‌ و هاواری ده‌كرد دژی ڕژێم راپه‌ڕن و به‌و هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌هه‌زار هاوڵاتی ڕزگاركران و به‌رشاڵاوی ئه‌نفال نه‌كه‌وتن، بۆیه‌ قاله‌ بووه‌ پاڵه‌وان و پێشه‌نگی ئه‌و خۆپیشاندانه‌، قالە لە ساڵی 1992کۆچی دوایی کردووە.

ش.ف