پۆشاکی ڕەسەنی کوردیی بازاڕ دەتەنێت

بۆ گەلی کورد بەهار وەرزێکی تایبەتە و زۆربەی بۆنە و سەرکەوتنەکانی دەکەونە ئەو وەرزەوە، ساڵانەش لە کۆتایی وەرزی زستان هاوڵاتیان ئامادەکاریی بۆ مەراسیم و بۆنەکانی وەرزی دواتر دەکەن، پۆشینی جلی کوردییش بەیەکێک لە ئامادەکارییە سەرەکییەکان ئەژمار دەکرێت.


ئەگەرچی لە ساڵانی پێش ڕاپەڕین-دا لە باشوری کوردستان ژن و پیا و منداڵ پۆشاکی ڕەسەنیی کوردییان دەپۆشی و زۆڵم و زۆریی ڕژێمی بەعس نەیتوانیبوو وا لە کوردان بکات لە کلتوری خۆیان دووربکەونەوە، بەڵام پاش ڕاپەڕین و بەهۆی قەدەغەکردنی جلی کوردیی لە ناوەندە حکومییەکاندا و کاریگەربوون بە کلتوری بیانیی، وردەوردە پۆشینی جلی کوردیی کەم بووەوە و ئێستا جگە لە ژن و پیاوە زۆر بەتەمەنەکان، کەسی تر لەناو ماڵ و لە ژیانی ڕۆژانەدا جلی کوردیی ناپۆشێت.

 

جەژن و بۆنە و مەراسیمە تایبەتەکان، دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی ژنان و پیاوان خۆیان و منداڵەکانیان بە جلی کوردیی بڕازێننەوە و شانازیی بە پۆشاک و کلتوری نەتەوەکەیانەوە بکەن، زۆرترین ئەو بۆنانەش دەکەونە کۆتایی وەرزی زستان و وەرزی بەهارەوە، بۆیە بازاڕەکانی جلی کوردیی هەر لە کۆتایی وەرزی زستانەوە جمەی دێت و بۆ بەرگ دوورەکانیش دەبێتە مانگێک کە زۆرترین کاتەکانیان لەسەر مەکینەکانیان بەسەر دەبن.

مانگی ئازار و نیسان ئەگەر بۆ گەلی کورد کاتێکی تایبەت و پڕ لە سەرکەوتن و بۆنەی نەتەوەیی بێت، ئەوا بۆ ژنان تایبەتتر دەبێت، چونکە ٨ی ئازار ڕۆژی جیهانیی ژنانە، بەدوای ئەویشدا ڕۆژی جلی کوردیی دێت، کە ١٠ی ئازاری هەموو ساڵێک لە باشوری کوردستان بە پۆشینی جلی کوردیی ڕێز لەو ڕۆژە دەگیرێت، پیرۆزترین و مەزنترین بۆنەش بۆ گەلی کورد جەژی نەورۆزە، کە ٢١ی ئازارە و لەو ڕۆژەدا هەمووان بە جلی کوردییەوە دەچنە شوێنە گەشتیارییەکان و ئاگری نەورۆز دەکەنەوە.

تیمی ڕۆژنیوز سەردانی بازاڕی سلێمانی، سەیدسادق و خورماڵ-ی کرد، تا لە نزیکەوە بزانێت بازاڕی جلی کوردیی چۆنە و پەرۆشیی ژنان بۆ پۆشینی جلی کوردیی بۆ خوێنەران و بینەران بگوازێتەوە.

ئێرە بازاڕی شاری سلێمانییە و جەمەی دێت لە کڕیار، هەرکەس بەدوای ئەو قوماش و ڕەنگەدا دەگەڕێت، کە لە خەیاڵی خۆیدا پلانی داناوە لە بۆنەکانی ئەمساڵدا بیپۆشێت.

خەمی کڕیارەکان، تەنیا دەستکەوتنی ڕەنگ و قوماش نییە، بەڵکو خەمی گەورەتریان ئەوەیە بەرگدوورەکان نەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا پۆشاکەکانیان بۆ بدروورن.

ئەم بەرگدوورە دەڵێت، کە بێجگە لەو قوماشانەی بڕیوێتی و سەرقاڵی دوورینیانە، ٥٠٠ پارچە پۆشاکی دیکەی لایە، کە هێشتا دەستی بۆ نەبردوون و نەیبڕیوە، بەڵێنیشی بەو کەسانە نەداوە، کە سەرجەم پۆشاکەکان لە ماوەیەکی دیارییکراودا بدوورێت، ڕەنگە بەشێک لەو پۆشاکانە دوورینی بکەوێتە دوای جەژنی نەورۆزەوە.

هاوسەر واحید، بەرگدوورێکی دیکەیە و ماوەی ١٤ ساڵە پۆشاکی کوردیی ژنان دەدورێت، ئەگەرچی ژمارەی پۆشاکەکانیش زۆربن، بەڵام بەشێوەیەک پلانی داڕشتووە، کە بەر لە نەورۆز سەرجەمیان بدوورێت.

وەک ئەو بەرگ دوورە باسی دەکات، ئەمساڵ خواستی هاوڵاتیان هاوڵاتیان زیاتر کەوا و کۆڵوانەیە و داواش لە بەرگ دوورەکان دەکەن، هاوشێوەی سەردەمانی ڕابردوو، کراسەکانیان فراوان بۆ بدوورن، ئەمەش پێچەوانەی چەند ساڵی ڕابردووە، کە زیاتر خواست لەسەر پۆشاکی تەسک بوو.

چنینی کەوا، هێلەک و کراس بە زەنگیانە و پقلەک و نقێم، ئەمساڵ-یش خواستی زۆری لەسەرە، شلێر ئەمین لە رابردوودا کاری دورینی دەکرد، بەڵام ماوەی سێ ساڵە قۆماشاکان دەچنێت و دەڵێت: ئەمساڵ خواستی چنینی کەوام لەسەرە  و موشتەریەکان داوام لێدەکەن بە سیم و زەنگیانە و نقێم بۆیان بچنم.

قوماشەکان لە وڵاتانی هیندستان و چیینەوە هاوردەی باشوری کوردستان دەکرێن، کە  زۆرینەی زۆری قوماشەکان کاری دەستیین لەلایەن ژنانی ئەو وڵاتانەوە دەچنرێن، بازرگان و خاوەن کارەکانیش زۆرترینی ئەو قوماشانە دەهێنن، کە کاری دەستین بە خوری و نقیم و دەزوو و ئۆیە، بە جۆرەها شێوازی نەخشی جیاواز و گوڵی گەورەو و بچووک و گەڵای سەوزیان لەسەر چندراوە.

ئێرە بازاڕی شارۆچکەی خورماڵی سەر بە پارێزگای هەڵەبجەیە،  فاغر حەمەشەریف، فرۆشیارێکی قوماشی پۆشاکی کوردیی پیاوانە و کوڵەباڵ و کڵاشی هەورامییە، خۆشی بە بەردەوامیی پۆشاکی کوردیی دەپۆشێت، فاغر نیگەران بوو لەوەی، کە بەهۆی گۆڕانی شێوازی ژیانەوە، خەڵک زیاتر لە بۆنەکاندا پۆشاکی کوردیی دەپۆشێت.

دووکانەکانی جلی کوردیی پیاوان هاوشێوەی دووکانەکانی جلی کوردیی ژنان قەرەباڵغ نەبوو، ئەو دووکاندارەش، پێیوایە، کە بێبازاڕیی پۆشاکی کوردیی دوورکەوتنەوەیە لە پۆشینی پۆشاکی ڕەسەنی کوردیی.

سەردانی بازاڕی جلی كوردی ژنان-مان کرد لەشارۆچكەی سەیدسادق، بازاڕ زۆر قەرەباڵغ بوو، بەڵام هیشتا فرۆشیاران لە ژمارەی کڕیارەکانیان ڕزایی نەبوون، هێمن بەهائەدین، یەکێک لەو فرۆشیارانەیە و دەیوت، کە کە گوایە ساڵی ڕابردوو فرۆشیان زیاتر بووە.

دڵنیا عومەر ژنێكی خەڵكی شارۆچكەكەیە بۆ كڕینی جلوبەرگی كوردی بۆ جەژنی نەورۆز هاتوبووە بازاڕ، لەبارەی پۆشاکی کوردییەوە وتی:"پۆشاکی فەرمیی نەتەوەیە، هیوادارم هاوڵاتیان لە ڕۆژانی ئاساییشدا لەبەری کەن".

ئەو ژنە، بۆچوونی وایە، کە گرنگە پۆشاکی کوردیی ڕەسەنایەتیی خۆی لەدەست نەدات و دەستکاریی لە دیزاین و دوورینیدا نەکرێت.

ژنان لەگەڵ پۆشینی پۆشاکی کوردیی خشڵی ئاڵتون، زەرد، زیو و برۆنز بەکاردەهێنن، ئەمساڵیش، زیاتر ئاشقبەند، ملەلیرە، دوگمە و دۆڵاب، بازنە و پشتێن و ملەمێخەکە بەکار دەهێنن.

ش.ف