پۆلێک لە کچانی کەلار بە ژەنینی دەف خزمەتی هونەری كوردیی دەكەن

لە كەلار، پۆلێک کچ گروپێكی ژەنینی ئامێری دەف-یان پێكهێناوە، بەناوی 'گروپی کیژانی دەف'، ئامانجیان دەرخستنی توانای كچان و خزمەتكردنی هونەری كوردییە.


گروپی کیژانی دەف ماوەی نزیکەی ساڵێک دەبێت لە شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان دامەزراوە، لە هەشت کچ پێکهاتوون، کە تەمەنیان لەنێوان ۱۰ - ۲۰ ساڵ دەبێت و 'کامەران فەریق' سەرپەرشتییان دەكات.

ئەو گروپە، ڕۆژانە لە بەشی هونەریی ماڵی گەنجان ڕاهێنان دەکەن و برەو بە تواناكانیان دەدەن، خۆبەخشانە چالاكیی هونەری ڕێكدەخەن و بەشداریی لە زۆربەی چالاكییە هونەرییەکانی سنورەکەشدا دەکەن.

دەف، ئامێرێكی ڕیتمییە، بە پێی شێوازی بەکارهێنانی و شوێنی دروستکردنی جۆری زۆرە، گروپی کیژانی دەف زیاتر جۆرەكانی 'حەبیبی' و  'شاهـ میری' بەکاردەهێنن، کە ئەم جۆرانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروست دەکرێن، لەڕووی ژەنینیشەوە ئەم گروپە زیاتر گرنگی بە ڕیتمە کوردەوارییەکان دەدەن، لەوانە 'هەڵگرتن، دوو چوار، چەپی و گەڕیان'.

ئەندامانی گروپی کیژانی دەف سەبارەت بە ئامانجی گروپەکەیان بۆ ڕۆژنیوز دوان، ئاماژەیان بەوەدا كە ئامانجیان دەرخستنی تواناکانی کچان و گرنگیدانە بە حەزی هونەرییان، هەروەها پێشخستن و گرنگیدان بە هونەری کوردیی، بەتایبەتی ژەنینی ئامێری دەف، دەرگاشیان کراوەیە بەڕووی سەرجەم كچانی شارۆچکەکە بۆ بەشدارییکردن لە گروپەکەیان.

دەف لە سەردەمانی کۆنەوە لە کوردستاندا ژەنراوە، شوێنکەوتووانی ئاینی یارسان و ھەروەھا موسڵمانانی شوێنکەوتووی ڕێبازی قادریی لەمێژە لە كۆڕی زیكردا دەفیان بەکارھێناوە، لە مەراسیمە ئاینییەکانی وەک مەولودنامەکان و کۆڕی زیکردا بەکاریدەهێنرێت، هەروەها لە جەژنی پیرشالیاریشدا ژەنینی دەف بەشێکە لە مەراسیمی جەژنەكە، بۆیە دەف جێگەیەکی تایبەتی لە هونەری کوردەواریدا ھەیە و لەگەڵ ئامێری تەمبوردا بە ئامێرێكی کوردیی دادەنرێن.

ش.ف