پێشانگایەکی شێوەکاریی لە چۆمان کرایەوە

لە شارۆچکەی چۆمان پێشانگایەکی شێوەکاریی کرایەوە، کە تیایدا چەندین تابلۆ نمایشکرابوون، کە گوزارشتیان لە هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانی و سروشت دەکرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی كەلتوریی چۆمان، لە كۆتایی خولێكی شێوەكارییدا، لە هۆڵی ناوەندەکە لە شارۆچکەی چۆمان-ی سەر بە پارێزگای هەولێر، پێشانگایەكی شێوەکاریی کردەوە.

پێشانگاکە بۆ بەرهەمە هونەرییەکانی ئەو بەهرەمەندانە کرابووەوە، کە بەشدارییان لە خولێکی دوو مانگەی شێوەکاریی ناوەندی کەلتووری چۆماندا کردبوو.

پێشەوا فەقێ، بەرسی ناوەندی كلتوری چۆمان، بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئێمە ڕۆژانە وەك هاندانێک ئەو تابلۆیانەمان هەڵدەواسی، کە لەلایەن بەهرەمەندان و فێرخوازانەوە دەنەخشێنران، تا دواجار بوون بە پیشانگایەكی ناوازە.

زۆرینەی ئەو تابلۆیانەی کە لەو پێشانگایەدا نمایشکرابوون، گوزارشتیان لە هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی و سروشت و ژن دەکرد، سەرەتای کردنەوەی پێشانگاکەش بە دوو تابلۆی ڕامین حسێن پەناهی و شەریف باجوور دەستیپێکرد.

هەر لە میانەی ئەو پێشنگایەدا، گروپی شێوەكاری ناوەندی كەلتوریی چۆمان ڕاگەیەندرا، بەوەش بۆ یەكەمجار چۆمان بووە خاوەن گروپێكی شێوەكاریی.

 

ب.ل