پێنجه‌مین فیستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز به‌ڕێوه‌چوو..بەوێنە

پێنجه‌مین فیستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز-ی ژنان له‌ سویسرا به‌ڕێوه‌چوو، تیایدا وێڕای پێشکەشکردنی چەندین بەرهەمی هونەریی، پانێڵێکیش ده‌رباره‌ی ژن، توندوتیژی و به‌رخۆدان سازكرا.


ئه‌مڕۆ، له‌ شاری زوریخ-ی وڵاتی سویسرا، پێنجه‌مین فیستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز-ی ژنان به‌ڕێوه‌چوو.

له‌ فیستیڤاڵه‌كه‌دا ته‌ڤگه‌ری ژنانی كورد له‌ سویسرا، یه‌كێتیی ژنانی سۆسیالیست، یه‌كێتیی ژنانی ڕه‌نجده‌ر، ژنانی په‌یه‌ده‌، چه‌ندین ڕێكخراوی دیكه‌ی كوردستانی، ژنانی سۆسیالیست و ئازادیخوازی ئه‌ورووپا و سه‌دان ژنی دیكه‌ به‌شداربوون.

له‌ مه‌یدانی فیستیڤاڵه‌كه‌ وێنه‌كانی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان، ساكینه‌ جانسز، فیدان دۆغان، له‌یلا شایله‌مه‌ز و په‌رله‌مانتاره‌ زیندانییه‌كانی هه‌ده‌په‌ و پۆسته‌ره‌كانی تایبه‌ت به‌ تێكۆشانی ژنانی ڕۆژئاوا هه‌ڵواسرابوون.

لە فیستیڤاڵەکەدا، چەندین بەرهەمی هونەریی و گۆرانی و هەڵپەڕکێ پێشکەشکران.

له‌ پێنجه‌مین فێستیڤاڵی ساكینه‌ جانسزدا، ده‌رباره‌ی ژن، توندوتیژی و به‌رخۆدان پانێلێك ساز كرا، په‌رله‌مانتاری شاری سێرتی هه‌ده‌په‌ به‌سیمه‌ كۆنجا، چالاكیی بواری ژنان له‌ هه‌رێمی باسك نه‌كانه به‌شدار بوون، له‌ پانێله‌كه‌دا سه‌رنج خرایه‌ سه‌ر خۆپاراستنی ژنان و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كرا، كه‌ له‌ هه‌موو هه‌لومه‌رجێكدا ده‌بێ ژنان له‌ به‌رامبه‌ر توندوتیژیی پیاوان خۆیان بپارێزن.

بڕیاره‌ هه‌موو داهاتی پێنجه‌مین فیستیڤاڵی ساكینه‌ جانسز بۆ گه‌لی عه‌فرین بنێردرێت، كه‌ به‌هۆی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیای داگیركه‌ر ناچاربوون شوێنەکانی خۆیان جێبهێڵن و له‌ كانتۆنی شه‌هبا جێگیربوون.

فیستیڤاڵه‌كه‌ به‌ گۆڤه‌ند و گۆرانی هونه‌رمه‌ندانی كوردستان، سویسرا، فه‌ڕه‌نسا، ئیسپانیا و ئیتاڵیا به‌رده‌وامه‌.

ساكینه‌ جانسز، یه‌كێک بوو له‌ پێشه‌نگه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ژنانی كورد و پارتی كرێكارانی كوردستان-په‌كه‌كه‌، كه‌ له‌ ٩ی كانوونی دووه‌می ٢٠١٣ له‌گه‌ڵ فیدان دۆغان، نوێنه‌ری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان-كه‌نه‌كه‌ و له‌یلا شایله‌مه‌ز، ئه‌ندامی ته‌ڤگه‌ری گه‌نجان له‌ پاریس-ی پایتەختی فەرەنسا تیرۆركران.

ب.ل