پێنج ساڵ بەسەر کۆچی کەمەندی-دا تێپەڕدەبێت

پێنج ساڵ بەر لە ئێستا هونەرمەندی گەورەی کورد، عەباسی کەمەندی ماڵئاوایی یەکجاریی کرد، کەمەندی لە ژیانیدا خزمەتێکی بەرچاوی بە بوارە جیاجیاکانی هونەری کوردیی کرد و لەدوای خۆشی، میراسێکی دەوڵەمەندی هونەریی بۆ گەلەکەی بەجێهێشت.


پێنج ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ساڵی ٢٠١٤، عەباسی کەمەندی، هونەرمەندی گەورەی کورد، بەهۆی شێرپەنجەی خوێنەوە لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زێدی خۆی، کۆچی دواییکرد و لە مەزارگەی ئاساوڵە-ی سنە بەخاکسپێردرا.

کەمەندی ساڵی ١٩٥٢ لە شار سنە لە دایکبووە، هەر لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی و نیگارکێشیی تێدابووە، لە تەمەنی ٢٣ ساڵیدا هاوسەرگیریی ئەنجامداوە و بووەتە باوکی کوڕێک و دوو کچ.

کەمەندی جیا لە ھونەری مۆسیقا و گۆرانی وتن، شارەزایی زۆری لە بواری وێنەکێشیی، شانۆ و سینەما و ئەدەبیاتی کوردی دا هەبووە و ماوەی ٣٥ ساڵ لە ڕادیۆی دەنگی شاری سنە کاری کردووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢-٥-٢٠١٤ عەباسی کەمەندی لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا، بەهۆی نەخۆشیی شێرپەنجەی خوێن و ڕاوەستانی دڵییەوە، بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا و لە مەزارگەی ئاساوڵە-ی شاری سنە-ی زێدی باوباپیرانی بەخاکسپێردرا.

بەشێک لە بەرهەمەکانی هونەرمەند عەباسی کەمەندی:

چوار ئەلبووم گۆرانی بەناوەکانی گەلاوێژ، ھەورامان، پرشەنگ، کیژی کورد.

نووسینی کتێبی ئەدەبیات و فۆلکلۆری کوردستان، کە شەش ھەزار لاپەڕەیە و لە کتێبخانەی فەرھەنگیی تاران پارێزراوە.

نووسینی چوار ڕۆمان.

نووسینی دەقی ٣٠ فیلمی درێژ و کورت.

نووسینی دوو کتێبی شیعری بە زمانەکانی فارسی و کوردی

کێشانی نزیکەی ١٠٠ تابلۆی جۆراوجۆر

س.ح