پێکهاتەکانی كەركوك پێكەوە وێنەی ژیان دەنەخشێنن

دوور لەو شەڕ و ئاڵۆزییانەی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پلە و پۆست دروستیان کردووە، پێکهاتە جیاوازەكانی شاری كەركوك پێكەوە وێنەی ژیان دەنەخشێنن.


لە شاری کەرکوک كورد، عەرەب، توركمان و ئاشووری بە ئاین و مەزهەبە جیاوازەکانەوە ڕوودەكەنە ناوەندی فێركاریی مستەفا بۆ هونەری شێوەكاریی و وانەی شێوەکاریی دەخوێنن.

ناوەندەکە ساڵی ٢٠١٤ دامەزراوە و لەلایەن کۆمەڵێک هونەرمەندی شێوەکارەوە سەرپەرشتیی دەکرێت و وانەی تێدا دەوترێتەوە.

بۆ فێرخوازان تەمەن نەکراوەتە مەرج، لە منداڵ و گەورە تییادا وانە دەخوێنن، زۆرترین ئەوە کەسانەشی سەردانی ناوەندەکە دەکەن خوێندکاران و دەچوانی زانکۆ و پەیمانگاکانن.

ئەوەی جێگای سەرجەم و ڕەنگێکی ناوازەی بە ناوەندە هونەرییەکە بەخشییوە، فرەڕەنگیی و پێکەوەژیانی پێکهاتەکانی کەرکوکە، کە بێ ئەوەی بیر لە شەڕ و ئاڵۆزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان بکەنەوە، پێکەوە وانە دەخوێنن و ڕەنگ تێکەڵ دەکەن، تاکو زهنیەتی یەکڕەنگیی لە مێشکی هەر تاکێکدا بسڕنەوە.

مستەفا ئەحەمەد، هاوڵاتییەکی عەرەبە خاوەنی ناوەندە فێرکارییەکەیە، دەرچووی لۆلێژی پزیشکییە و لەڕێگای بەشدارییکردن لە خولەکانی شێوەکاریی پەرەی بە خولیاکانی داوە و بووە بە شێوەکار، لەبارەی خولەکانی ناوەندەکەیانەوە دەڵێت:"ئێمە لەسەرەتادا خولی سەرەتایی بۆ ئەو كەسانە دەكەینەوە كە دەیانەوێت هونەری شێوەكاریی فێربن، دواتر خولی ئاستی باڵا دەکەینەوە".

مستەفا، دڵخۆشە، کە لەناوەندەکەیدا هەموو پێکهاتەکانی کەرکوک کۆبوونەتەوە و دەڵێت:"من شانازیی دەكەم توانیومە نەتەوەكان لەلای یەكیتر كۆبكەمەوە، هەمیشە دەڵێن لە كەركوك ناكۆكیی هەیە، بەڵام ڕاست نییە ئەوەتا ببینن كورد و عەرەب توركمان لە لایەی یەكن و دڵخۆشن و پێكەوە بۆ ئامانجێك هەوڵدەدەن".

شوان وریا، دەروچووی بەشی ئەندازیاریی زانکۆ كەركوكە و ماوەی مانگێکە ڕووی لەو ناوەندە کردووە، شێوەکاریی لای ئەو بەواتای 'دڵخۆشیی و ژیان' دێت.

شوان، کە خۆی هاوڵاتییەکی کوردە، دەڵێت:"كورد و عەرەب و توركمان و ئاشوری نەتەوەكانی كەركوك بەسەرجەم مەزهەبەكانیەوە لێرەن و پێكەوەین، سەرجەممان وێنەی ژیان و كەركوك دەنەخشێنین، جیاوازیی لەنێوان ئێمەدا نییە، سیاسییەكان چۆن بیر دەكەنەوە با بیربكەنەوە ئێمە برا و خوشکی یەكترین".

هەروەها، مریەم ئەحمەد، کە خوێندكارێكی توركمانە و تەمەنی ١٣ساڵە، هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی ببێتە شێوەکارێکی باش، وەک خۆی دەڵێت، کاتێک وێنە دەکێشێت هەستێکی ئەفسوناویی لا دروست دەبێت و خەیاڵی جوانییەکانی سروشت بە عەشقەوە دەخاتە سەر کاغەزەکەی بەردەستی.

کەرکوک، واتایەکی تایبەتی لای مریەم هەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت:"كەركوك واتا پێكەوە ژیان، من هاوڕێكەم كوردە و هاوڕێكەی ترم عەرەب، ئەمە جوانی ئەم شارەیە كە پێكەوە دادەنشین و پێدەكەنین و بە خۆشیی دەژین".

ش.ف