پێکهاتە جیاوازەکان گوزارشتیان لە کلتووری خۆیان کرد.. بەوێنە و ڤیدیۆ

بەبۆنەی ڕۆژی گەلانی ڕەسەنەوە، بە دروشمی "ئاشتیی و پێکەوەژیان" لە شاری سلێمانی فێستیڤاڵی پێکهاتە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە تیایدا سەدان کەس بەشداربوون و هەر پێکهاتەیەک نمایشی تایبەت بەخۆیان پێشکەشکرد.


ئێوارەی ئەمڕۆ، لە پارکی ئازادیی شاری سلێمانی، تۆڕی پێکهاتەکانی کوردستان بەبۆنەی ڕۆژی گەلانی ڕەسەنەوە، بە دروشمی "ئاشتیی و پێکەوەژیان" فێستیڤاڵێکیان ڕێکخست.

فێستیڤاڵەکە بە ساتێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان بەڕێوەچوو، دواتر لەلایەن نوێنەرانی پێکهاتە جیاوازەکانەوە مەشخەڵی ئاگرین هەڵکرا.

لەمیانی فێستیڤاڵەکەدا، نەوزاد پۆلیس، سەرۆکی تۆڕی پێکهاتەکانی کوردستان وتارێکی پێشکەشکرد و تیایدا داوای لە حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کرد، کە مافەکانی پێکهاتەکان و گەلانی ڕەسەنی کوردستان بپارێزن، داواشیکرد، کە هاوشێوەی کۆتای تورکمان و مەسیحییەکان، لە پەرلەمانی هەرێم سیستمی کۆتا بۆ ئێزدی، زەردەشتی و یارسانەکانیش دیاریبکرێت.

هەر لە فێستیڤاڵەکەدا، د.هەڤاڵ ئەبوبەکرد، پارێزگاری سلێمانی وتارێکی پێشکەشکرد و وتی: دەبێت ئێمە وەکو ئاین و پێکهاتەکان یەکتر بپارێزین، بۆ ئەوە بەهێزتر ببین پێویستە ڕێز لەیەکتر بگرین، بەو هێزەوە دەتوانین کوردستان بەرەو پێشەوە ببەین، ڕێز لە کلتوور و مێژووی یەکتر بگرین.

لەدرێژەی فێستیڤاڵەکەدا، هەر پێکهاتەیەک و بەشێوازی تایبەتی خۆی، نمایش و میوزیک و هەڵپەڕکێی خۆی پێشکەشکرد.

ب.ل