چاپخانەکەی پیرەمێردی شاعیر چاکدەکرێتەوە

چاپخانەکەی پیرەمێرد شاعیر، کە تەمەنی ٨٢ ساڵە و ٥٦ ساڵە لە چاپکردن وەستاوە و کارناکات، چاکدەکرێتەوە و بەشێک لە بەرهەمەکانی پیرەمێردی بە شیوازە کۆنەکەی پێ چاپ دەکرێتەوە.


پیرەمێرد یەکێکە لە شاعیر و کەسایەتییە هەڵکەوت و ناودارەکانی کورد، ناوی تەواوی تۆفیق کوڕی مەحمود ئاغای کوڕی هەمزە ئاغای مەسرەفە، لە ساڵی ١٨٦٧ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، لە دوای تەواوکردنی قۆناغەکانی خوێندن دەستی کردووە بە کاری ڕۆژنامەنووسی و لە سەدەی ڕابردوودا خزمەتێکی گەورەی بە ڕەوتی ئەدەبی و ڕۆژنامەوانی کوردی کردووە، بە تایبەت بەو ئامێری چاپەی بر لە ٨٢ ساڵ هێنایە سلێمانی.

پیرەمێرد لەژیانیدا لە چەندین گۆڤار و ڕۆژنامەدا کاری کردووە، یەکێک لە وێستگەکانی کارکردنیشی، کارکردنبووە لە ڕۆژنامەی ژیان کە لە دوای کۆچی دوای حسێن نازم بەگ، وەک سێیەم سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەی ژیان لە سلێمانی دەست بەکاربووە و بووەتە سەرنوسەری ئەو ڕۆژنامەیە کە لەلایەن  شارەوانی سلێمانییەوە دەرچووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی، کە شارەوانی بایەخی زۆری بە ڕۆژنامەکە نەداوە، بۆیە پیرەمێرد ڕۆژنامەکەی وەرگرتووە بۆخۆی و چاپخانەکەشی لە شارەوانی سلێمانی بەکرێ گرتووە، بەوەش پیرەمێرد لە ١٤ی ئابی ١٩٣٤ەوە بۆتە سەرپەرشتیار و سەرنوسەر لە ڕۆژنامەی ژیان، بەڵام لە ٣٠ی ئابی ساڵی ١٩٣٧ لەدوای تەواوبوونی ماوەی بەکرێ گرتنی چاپخانەکە، شارەوانی ماوەی بە کرێ گرتنەکەیان بۆ تازە نەکردەوە، بۆیە پیرەمێرد ناچاربووە، بچێتە بەغدا و چاپخانەیەک بەکڕێت و لە ٣٠ی ئەیلولی ساڵی ١٩٣٧ ژمارە ٥٣٩ی ڕۆژنامەی ژیانی بەئامێری چاپەکەی خۆی لە سلێمانی چاپکرد، بۆ کڕینی چاپخانەکەش پیرەمێرد خانووەکەی وەک گەرەنتی (ڕەهن) داناوە و درێژەی بە چاپکردنی ڕۆژنامەی ژیان داوە.

لەدوای کۆچی دوایی پیرەمێردی شاعیر لە ساڵی ١٩٥٠دا، هەریەک لە جەمیل سائیب و نوری ئەمین بەگ و گۆران و ئەحمەد زرنگ لە چاپخانەکەدا کاریان کردوە و تا ساڵی ١٩٦٣ دووا ژمارەی ڕۆژنامەی ژیان یان بە چاپخانەکەی پیرەمێرد چاپکردووە کە ژمارە ١٧١٤ بوو.

لەسەرەتای ساڵانی ١٩٨٠ بەمەبەستی پاراستنی چاپخانەکە وەک بەشێک لە کەلەپووری کورد چاپخانەکە براوە بۆ مۆزەخانی ئەنتۆگرافی شاری سلێمانی کە سەر بە زانکۆی سلیمانیە، لە ئێستاشدا چاپخانەکە گواستراوەتەوە بۆ بنکەی ژین لە سلێمانی و ئەرکی پاراستنی خراوەتە ئەستۆی بنکەکە.

دوای ٨٢ ساڵ لە تەمەنی چاپخانەکەی پیرەمێرد، ئێستا بنکەی ژین، بە هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی کەشکۆڵی سەر بە زانکۆی ئەمریکی کە کار لە بواری پاراستنی کەلەپووردا دەکەن لە هەوڵی چاککردنەوەی ئامێرەکەدان، سدیق ساڵح، سەرپەرشتیاری گشتی بنکەی ژین، لە بارەی بیرۆکە و چۆنیەتی دەستکردن بە چاکردنەوەی چاپخانەکەی پیرەمێرد وتی: لە زۆر وڵاتدا بۆپاراستنی کەلەپوور و بەرهەمە ئەدەبییەکان، چاپخانە کۆنەکان چاککراونەتەوە و سەرلەنوێ بەکاردەهێنرێن، بۆیە ئێمەش لە خۆشەویستیمان بۆ ڕۆژنامەی ژیان داوامان لە وەزیری ڕۆشنیری حکومەتی هەرێم کرد کە ئەو چاپخانەیە ببەخشن بە ئێمە بۆ ئەوەی بەهاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوی کەشکۆڵ ئامێرەکە چاکبکەینەوە.

وتیشی: مەبەستمان لە چاکردنەوەی چاپخانەکە ئەوەیە بتوانین بەشێکی کەمیش بێت لە شیعر و بەرهەمەکانی پیرەمێرد بە شێواز و پیتە کۆنەکان بەو چاپخانەیە چاپ بکەینەوە.

ڕونیشیکردەوە، بۆ ئەو مەبەستە ڕێکخراوی کەشکۆڵ ژورێکی تایبەتیان وەرگرتوە لە بنکەی ژین و سەرجەم خانە و پیتەکانی چاپخانەکایەیان دانەوە و کار لە ڕێکخستن و پاکردنەوەی پیتەکاندا دەکەن.

سەرپەرشتیاری گشتی بنکەی ژین، باسی لە گرفتەکانی بەردەم چاککردنەوەی چاپخانەکەش کردو وتی: "ئەوەی جێگەی داخە بەشێک لە پیت و هەندێک بەشی تری چاپخانەکە کە بۆ نوسین بەکار دەهێنرێت نەماوە، هەر بۆیە ئێستا لە هەوڵی دروستکردنەوەی پارچە ونبووەکانداین بۆ ئەوەی چاپخانەکە بخرێتەوە گەڕ".

لە بارەی کاتی تەواوکردنی چاپخانەکە و ئیش پێکردنەوەی سدیق ساڵح، ئەوەی خستەڕوو کە چاککردنەوەی چاپخانەکە کارێکی قورسە، بۆیە نازانین کەی تەواو دەبێت و دەتوانین کەی چاپی پێبکەین.

ک.س