چایخانەیەک بە وێنە مێژووی هەڵەبجە دەنوسێتەوە

لە هەڵەبجە چایخانەیەک لە ڕێگەی هەڵواسینی وێنەی کەسایەتی و هونەرمەندان و شاعیرەکانەوە، مێژووی شارەکە دەنوسێتەوە. خاوەنی چایخانەکەش دەڵێت: دەمەوێت لە ڕێگەی ئەم کارەوە مێژووی هەڵەبجە لە ڕووی ڕۆشنبیری و زانستی و هونەرییەوە زیندوو ڕابگرم.


جیاواز لە چایخانەکانی دیکە، چایخانەی پشتیوان لە شاری هەڵەبجە بە هەڵواسینی وێنەی زۆربەی کەسایەتیەکانی هەڵەبجە بێ‌ جیاوازی، سەرنجی سەردانکەرانی ڕاکێشاوە، لەو چایخانەیەدا جگە لە وێنەی دەیان شاعیر و هونەرمەندان و کەسانی سیاسی، کەسایەتی دیاری کورد و سنوری هەڵەبجە بارام بەگ و عومەریی خاوەریش دەبینرێن.

چایخانەکە دەکەوێتە ناو بازاڕی شاری هەڵەبجەوە، بە وتەی خاوەنەکەی مەبەست لەو کارەی، کە دەیکات زیندوکردنەوەی مێژووی شاری هەڵەبجەیە لە بوارەکانی هونەریی و ڕۆشنبیریی و زانستیی.

جگە لە وێنەی کەسایەتیەکان، چایخانەکە وێنەی شانۆیی و سەردان و پێشوازی لە سەرکردە و باڵیۆزی وڵاتانی تێدا هەڵواسراوە، کە نزیک دەبێتەوە لە ٢٠٠ وێنە و ڕۆژانەش ژمارەی وێنەکان لە زیادبوندایە.

لە چایخانەکەدا تەنها وێنەی ئەو کەسانە هەڵنەواسراوە، کە کۆچی دواییانکردووە، بەڵکو وێنەی کەسانێکیش دەبنرێن، کە هێشاتا لە ژیاندا ماون.

پشتیوان حەمە ئەمین، خاوەنی چاخانەکەیە و لە بارەی ئامانجی هەڵواسینی وێنانەکان لە چایخانەکەیدا وتی: کاتێک چایخانەکەم داناوە تەنها ئامانجم کارکردن نەبوو، بەڵکو حەزم کرد لە ڕێگەی دانانی وێنەی کەسایەتیەکانی شارەکەوە لە چاخانەکەمدا، مێژووی شاری هەڵەبجە زیندوو بکەمەوە، چی لە بواری ڕۆشنبیریی یان زانستیی و هونەریی بێت، جگە لەوەش ئەو وێنانە وەک یادگارییەک بمێننەوە بۆ نەوەکانی دوای خۆمان تا لەو ڕێگایەوە کەسایەتیەکانی هەڵەبجە بناسن.

خاوەنی ئەو چایخانەیە داواش لە هاوڵاتیانی شارەکەی دەکات هاوکاری بکەن و وتیشی "من بە تەنها ناتوانم بگەم بە هەموو کەسێک، ئەگەر هەر هاوڵاتیەک وێنەی کەسایەتیەکی شاری هەڵەبجەی لایە بۆمان بهێنێت سوپاسی دەکەین، بە مەبەستی پاراستن و  دانانی لە چایخانەکەماندا، چونکە وێنەکان تەنها بۆ خۆم نیە، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی هەڵەبجەیە".

سەرهەنگ نەورۆڵی، کە هونەرمەندێکی میللییە و  ڕۆژانە سەردانی چایخانەکە دەکات، لە بارەی وێنەکانەوە وتی: ڕۆژانە دێمە چایخانەکەوە هەستێکی خۆشم هەیە، کاتێک کۆمەڵێک وێنەی کەسایەتیەکانی شارەکەم دەبینم، کە سەردەمانێک کەسانی باش و ناسراوی هەڵەبجە بوون و خزمەتی شارەکەیان کردوە. 

وتیشی: وێنە و تابلۆکان یادگاریی زۆر جوانمان دێنێتەوە یاد کاتێک دەیانبینم وادەزانم لەو کاتەدا دەژیم.

لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستاندا چایخانەیەکی تایبەت بە هەڵواسینی وێنەی کەسایەتی و هونەرمەندان و شاعیرەکان هەیە، کە ڕەنگە ئێستا ئەو جۆرە کارە وەک نەریتێکی لێهاتبێت و زۆربەی ئەو کەسانەش کە سەردانی ئەم جۆرە چایخانانە دەکەن، کەسانی هونەرمەند و ڕۆشنبیرن.

ک.ک