چل هونەرمەندی کورد بە وتنەوەی سرود هاوخەمی بۆ گەلی ئیتالیا دەردەبڕن

بە دروشمی "ئێمە هەموومان پێکەوەین"، زیاتر لە چل هونەرمەندی کورد لە ڕێگای هونەرەوە بە وتنەوەی سرودی نەتەوەیی " بێلاجاو" کە تایبەتە بە ئیتاڵیا، پشتیوانی و هاوخەمیی خۆیان بۆ گەلی ئیتاڵیا دەربڕی.


لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کرۆنا، لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان، وڵاتی ئیتاڵیا لە چاو وڵاتانی دیکە ڕێژەی تووشبوون و مردنی خەڵکەکەی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە بەرزبوونەوەدایە، کە بە پێی ئامارەکان زیاتر لە ١٠هەزار هاوڵاتی گیانی لە دەستداوە و زیاتر لە ٩٢ هەزار کەسیش بەو ڤایرۆسە تووشبوونە.

هونەرمەندانی کورد لە ئەوروپا، کە بریتین لە خەلیل غەمگین، حەسەن شەریف، دلۆڤان، ڕۆتیندا، دەنیز دەمان، ئایفەر دوزداش، دیار دەرسیم، مەمۆ گول، سەید خان، بەرفین مامە دوگار، ئازاد، سەرحەد، هێژا، هۆزان ئایدن، فاروق کەمانگەر، مەردان زراف، مەزڵووم ڕەوشەن و دەیان هونەرمەندی دیکە، بەشداریان لە وتنەوەی ئەو سرودەدا کردووە.

هونەرمەندانی کورد، هەر یەک لە ماڵەکانی خۆیاندا و بە وتنەوەی ئەو سرودە نەتەوەییە، کە تایبەتە بە گەلی ئیتاڵیا و هەستانەوەی چینی کرێکارە لە دژی فاشیزم و سیستمی سەرمایەداری، هاوخەمی خۆیان دەربڕی و بە هونەر پەیامی پێکەوەبوونیان بە گەلی ئیتاڵیا دا.

ئامانجی هونەرمەندان لەو کارە و دەربڕینی هاوخەمی بە تایبەت بۆ ئیتاڵیا، بەهۆی ئەوەیە کە ئیتاڵیا بەردەوام پشتیوان و هاوکاریی کێشەکانی گەلی کوردی کردووە.

ک.س