چوارشەممە سووری، ڕەنگێک لە بەرخۆدان

پێشهاتنی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و تەنانەت چەند وڵاتێکی دیکەی ناوچەکە، جەژنی چوارشەمە سووری بەڕێوە دەچێت، کە ئەمساڵ ڕەنگی بەرخۆدانی بەخۆوەگرت.


ئێوارەی دوێنی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران جەژنی چوارشەممە سوورییان بە ڕەنگێکی جیاوازتر لە ساڵەکانی دیکە بەڕیوەبەرد، جگە لە پیرۆزکردنی ئەم ڕۆژە وەک ئایینێکی کۆن، ئەمساڵ دژی دەسەڵات و هێزە ئەمنییەکان وەستانەوە و ڕەنگێکی بەرخۆدانیان بەو جەژنە دا.

چوارشەممە سووری یان "چوارشەممەی سوور" وەک جەژن و ئاینێکی کۆنی کوردان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بەڕێوەدەچێت، ئەم جەژنە کە لە ئاینی میترائیسم و زەردەشتی بە یادگاری ماوەتەوە، نەک تەنیا لەناو کوردەکان، لەناو گەلانی دیکەی ئێرانی و ڕۆژهەڵاتی ناوین پیرۆز دەکرێت، وڵاتانێک وەک ئازەربایجان، تاجیکستان، ئەفغانستان و هێندستان-یش ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن.

لەم جەژنەدا کە ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە لەسەر دوایین چوارشەممەی هەر ساڵێکی کوردی بەڕێوە دەچێت، حەوت ئاگر دەکرێتەوە و خەڵک بەسەر ئەو ئاگرانەوە باز دەدەن، یان ئاگرێک دەکرێتەوە و حەوت جار بەسەریدا باز دەدەن، باوەڕی خەڵک وایە لەم ڕۆژەدا بە پەڕینەوە و بازدان بەسەر ئاگرەکاندا هەموو ناپاکییەکان دەسووتێت و زەردی و ساردی دەڕوات و پاکی و گەرمی دێت.

لەهەندێک ناوچەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوڕان و کچانی گەنج بە مەشخەڵ دەچنەسەر شاخەکان و لەوێ ئاگر دەکەنەوە و هەڵدەپەڕن و ئەو جەژنە پیرۆز دەکەن.

ئەمساڵ لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چوارشەممە سووری پیرۆزکرا و بووبە دەرفەتێک بۆ بەرخۆدان دژی دەسەڵاتی ئێران، لە هەندێک لە شارەکان خەڵک دژی هێزە ئەمنییەکان وەستانەوە و لە هەندێک شاریش بە وتنەوەی دروشم خەڵک تووڕەیی خۆیان دژی دەسەڵات دەربڕی.

لە بەرامبەردا هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەوڵیاندا ڕێگە لە بەڕێوەچوونی ئەو جەژنە بگرن، بەڵام خەڵک لە دژیان وەستانەوە و جەژنەکەیان بەڕێوەبرد، بەڵام لە هەندێک شوێنیش پێکدادان لە نێوان خەڵک و هێزەکانی ئێران ڕوویداوە.

س.ح