چەمچەماڵ، هونەرمەندان و پارێزەران داوای ڕاگرتنی درامای توركیی ده‌كه‌ن

تا دێت داواکارییەکانی ڕاگرتنی پەخشکردنی دراما تورکییەکان لە کەناڵەکانی باشوری کوردستان زیاد دەبێت، بەشێک لە توێژە جیاوازەکانی چەمچەماڵیش کاریگەرییە نەرێنییەکانی ئەو درامایانە دەخەنەڕوو، هاوکات داواش دەکەن گرنگیی زیاتر بە درامای کوردیی بدرێت.


ماوەی چەند ساڵێکە درامای تورکیی بەشێوەیەکی زۆر فراوان کەناڵەکانی باشوری کوردستانی گرتووەتەوە، بەشی زۆری ئەو کەناڵانە، بەبێ هیچ فلتەرێک دراماکان پەخشدەکەن، بەهۆی ئەوەی بابەتی دراماکان دوورن لە کلتوری کوردییەوە و بە مەبەستێکی تایبەت دروستدەکرێن، لە باشوری کوردستان بوونەتە مایەی دروستبوونی کێشەی خێزانیی.

پارێزەر ده‌رباز شوانی لەبارەی پەخشکردنی دراما تورکییەکانەوە بۆ ڕۆژنیوز باسی لەوە کرد، ئەو گومانی هه‌یه‌ ئەو درامایانە بۆ مەبەستی هونەریی دروستبکرێن و لە هەرێمی کوردستان پەخشبکرێن، وتیشی:"وڵاتێكی وه‌ك توركیا له‌ڕێگه‌ی ئه‌و درامایانەوە كارده‌كات بۆ سڕینه‌وەی زمان و كلتوری كوردیی، ئه‌ویش ئامانجێكی له‌مێژینه‌یه‌تی له‌ سه‌رده‌می ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه‌ تا ئێستا، ئه‌وه‌ی جێگه‌ی داخه‌ به‌شێكی كه‌ناڵه‌ كوردییه‌كان به‌بێ فلته‌ر ئه‌و درامایانه‌ په‌خش ده‌كه‌ن".

ئه‌و پارێزه‌ره‌ ئاماژەی بۆ چەندین کەیسی خێزانیی کرد، کە لە دادگا تۆمارکراون و لە کاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوتووە ئەو خێزانە لە ژێر کاریگەریی دراما دۆبلاژکراوە تورکییەکاندابوون، هاوکات داوای لە ئەندامانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکات، له ‌ڕێگه‌ی یاساوە كاربكه‌ن بۆ ڕێگریكردن له‌ په‌خشی هەڕەمەکیی درامای  دۆبلاژكراو.

بەبڕوای زرار عه‌لی، نووسه‌ر و سیناریست، بێ سه‌ر‌وبه‌رەییه‌كی زۆر بۆ پەخشکردنی دراما تورکییەکان له کە‌ناڵه‌كانی باشوری کوردستاندا هەیە، وتیشی:"ته‌نانه‌ت له ‌وڵاتانی ئه‌وروپاش ڕێگه بە پەخشکردنی هەموو درامایەکی بیانی نادرێت، له‌كاتێكدا له‌هه‌رێم چه‌ندین كه‌ناڵ هه‌یه‌ كاریان ته‌نها په‌خشكردنی دراما دۆبلاژكراوه‌ توركییه‌كانه،‌ ئه‌وه‌ش كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی هه‌یه‌، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و چه‌ندین كه‌ناڵه‌شدا كه‌ناڵێك نابینین گرنگی به ‌درامای كوردیی بدات".

ئه‌و سیناریسته‌ پێیوایه‌، هه‌ندێك له‌و دراما توركیانه‌ تەنانەت له ‌نێوخۆی توركیاش ڕێگە بە په‌خشکردنی نادرێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌نێردرێته‌ وڵاتانی دیکە بۆ پەخشکردن، دەشڵێت:"ئه‌وه‌ش كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیی کردووە‌، وه‌ك جیابوونه‌وه‌ی هاوسه‌ره‌كان و خیانه‌تی هاوسه‌رگیریی و گەنده‌ڵیی ئیداریی، كه‌ له‌ڕابردوودا تا ڕاده‌یه‌ك له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردییدا کەم بووە و بەو شێوەیەی ئێستا نەبووە".

لەبەرامبەر درامای تورکییدا کە شەوانە لە کەناڵە کوردییەکانەوە پەخشدەکرێت، کەمترین درامای کوردیی بەدی دەکرێت، زرار عه‌لی باس لەوە دەکات ڕاگەیاندنی کوردیی گرنگی بە هونەر و درامای کوردیی نادات، پێشی وایە بۆ جێگرتنەوەی دراما تورکییەکان، دەبێت گرنگیی زیاتر بە هونەری کوردیی بدرێت.

ش.ف