چەند شوێنەوارێک لە لێواری لەناوچووندان و حکومەتیش دەستەوەستانە

هۆشداریی له‌ ڕووخان و وێرانبوونی ژماره‌یه‌ك شوێنه‌واری مێژوویی له‌ سنووری گه‌رمیان دەدرێت، شوێنه‌واری گه‌رمیانیش دەڵێت هیچ پرۆژه‌یه‌كیان نییه‌ بۆ پاراستن و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی ئه‌و شوێنه‌وارانه‌.


له ‌گوندی سه‌ید خه‌لیل له‌ باكوری شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، ژماره‌یه‌ك شوێنه‌واری مێژوویی هه‌یه‌ و مێژووی دروستبوونیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ زیاتر له‌ ١٠٠ ساڵ، له‌ ئێستادا ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ به‌هۆی كۆن بوون و ئاوڕنەدانەوە لێیان مه‌ترسی ڕووخان و له‌ناوچوونیان له‌ سه‌ره.

ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ گوندی سه‌ید خه‌لیل، به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ ڕووی چاككردنه‌وه‌ ئاوڕییان لێنادرێته‌وه‌ و خه‌می ئه‌و داڕووخانه‌یان ناخورێت، خه‌ریكه‌ به‌ یه‌كجاری داده‌ڕوخێن و له‌ناوده‌چن، به‌تایبه‌ت هه‌ندێكیان به‌هۆی ئه‌وه‌ی باران زۆر لێیداوه‌ به‌شێکی داڕووخاوە.

هاوڵاتیانی ئەو سنوورە داوا دەکەن، خه‌مێكی ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ بخوردرێت لە ڕووخان بپارێزرێن.

ڕۆژنیوز داوای هاوڵاتیانی گەیاندە شوێنەواری گەرمیان، محه‌مه‌د عه‌لی وته‌بێژی به‌ڕێوە‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واری گه‌رمیان لە وەڵامدا وتی: ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی ده‌كه‌ونه‌ گوندی سه‌ید خه‌لیل، له‌ زانستی شوێنەوار بە بیناسازی ئاینی ناسراون، وەک مزگەوت و کەنیسە و پەرستگا، بینای سەر گۆڕ، له‌ سه‌رده‌می خۆیدا بۆ ئه‌و بوارانه‌ دروستكراوه‌، لەو ڕووه‌شه‌وه‌ گرنگی خۆی هه‌بووه‌، به‌داخه‌وه‌ ئێمه‌ش ده‌زانین كه‌ گرفتیان هه‌یه‌ و پێویستیان به‌ چاره‌سه‌ره‌ و هه‌وڵی زۆریشمانداوه‌ سه‌رجه‌م شوێنه‌واره‌كانی گه‌رمیان له‌ناوچوون بپارێزین، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان ئه‌نجامی نه‌بووه‌.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی مێژووی کێلەکان بێت، مێژووی دروستبوونیان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ١٥٠ تا ١٧٠ ساڵ لەمەوبەر، ئەوەش زۆر گرنکن بۆ ناوچه‌كه‌، نمونەی بیناسازی ئاینین، بەشێکیان لە لایەن بەگزادەکانی جافەوە دروستکراون، "لە ئێستادا هیچ پرۆژەیەکمان نییە بۆ چاککردنەوەیان، بەڵام داوای کۆمەڵە پرۆژەیه‌كمان کردووە بۆ ئەمساڵ یەکێک لەوانە نۆژەنکردنەوەی دووان لەو ئارامگایانەیە.

س.ح