ڕۆحانی وەڵامی هەڕەشەکەی ترامپی دایەوە

دوێنێ سەرۆک کۆماری ئەمریکا هەڕەشەی لە حکومەتی ئێران کرد، سەرۆک کۆماری ئێرانیش لەکاتێکدا لەگەڵ ماکرۆن قسەیدەکرد، هەڕەشەی توندی لەئەمریکا کرد.


شەوی ڕابردوو، حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا قسەیکرد و هەڕەشەی کرد کە؛ "ئەگەر جارێکی دیکە ئەمریکییەکان بیانەوێت دەستدرێژیی بکەنە سەر ئاوەکان و هەرێمە ئاسمانییەکانی ئێران، هێزە چەکدارەکانمان فەرمانیان پێکراوە ڕووبەڕوویان ببنەوە و بە توندیی وەڵامیان دەدەنەوە".

دووبارە دانوستان ناکەین

لەو پەیوەندییەدا حەسەن ڕۆحانی سەرۆک کۆماری ئێران ڕەخنەی لە ڕۆڵی ئەمریکا گرتووە لە زیادبوونی  گرژییەکان و وتوویەتی: بە سەختیی وەڵامی هەر دەستدرێژییەک دەدەینەوە و بە هیچ شێوەیەک دووبارە دانوستان ناکەین.

ڕۆحانی ڕەخنەشی لە وڵاتانی ئەوروپی گرتووە و وتوویەتی: ئەوروپییەکان دوای کشانەوەی ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە، کاریکی بەرچاویان نەکردووە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە؛ "ئەگەر ئێران نەتوانێت لە سوودەکانی 'بەرجام' (ڕێککەوتنی ئەتۆمی) کەڵک وەرگرێت، بەڵێنەکانی کەم دەکاتەوە، بەڵام کارێک ناکەین کە نەتوانین بگەڕێینەوە ناو ڕێککەوتنەکە، هەر کات ڕێککەوتنەکە لەلایەن وڵاتانی ٤+١ـەوە جێبەجێی کرا، کێشەی پەیوەندییە بانکییەکان و فرۆشتنی نەوتمان چارەسەر کرا، دۆخەکە دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی".

هەروەها، ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنساش لەو پەیوەندییەدا ئاماژەی بە گرژییەکان لە ناوچەکەی کردووە و وتوویەتی:"پێویستە بە پەرەدان بە پەیوەندیی و هاوکارییەکان لەپێناو گەشەپێدان و جێگریی و ئاسایش لە ناوچەکە هەوڵبدەین و بە کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، بەرژەوەندیی وڵاتانی ناوچەکە دابین بکەین".

بەپێی ڕاگەیەندراوی نوسینگەی سەرۆک کۆماری فەرەنسا، لەسەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی ماکرۆن و ڕۆحانی، لەو پەیوەندییەدا لەسەر کەمکردنەوەی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە قسەکراوە، بەشێک لە قسەکانیش لەسەر پلانێک بووە کە لەلایەن فەرەنساوە بە "دەستپێشخەری فەرەنسا" ناونراوە و ئامانجی پێشگرتن لە بەرزبوونەوەی گرژییەکان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.

وتەکانی ڕۆحانی دوای ئەوە دێت، کە هەر دوێنێ دۆناڵد ترامپ سەرۆک کۆماری ئەمریکا لە چەند تویتێکدا هەڕەشەی لە ئێران کردبوو، ترامپ نووسیبووی:"ڕێبەرانی ئێران لە واتای قسە باشەکان تێناگەن، بە داخەوە هەر لە زمانی زۆرداریی تێدەگەن".

لە تویتێکی دیکەدا ترامپ نووسیویەتی:"خەڵکی بەڕێزی ئێران خەریکە بەبێ هیچ هۆکارێک ناڕەحەتیی دەچێژن، ڕێبەرەکانیان پارەکانیان خەرجی تیرۆریزم دەکەن، نزیکەی دوو هەزار ئەمریکی بە بۆمبەکانی ئێران کوژراون، ئەمانە لەبیر ناکەین".

هەروەها بە هەڕەشەوە نووسیویەتی:"دەسەڵاتدارانی ئێران لە ڕاستییەکان تێناگەن، هەر هێرشێک لەلایەن ئێرانەوە بۆسەر هەر شتێک کە ئەمریکی بێت، بە هێزێکی زۆر گەورەوە و تاقەت پڕۆکێنەوە وەڵام دەدرێتەوە، تاقەت پڕۆکێنیش بە واتای ئەوەیە کە لەناو دەچن، ئیدی جۆن کیری و ئۆباما نەماون".

هەروەها، لە ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، سەرۆک کۆماری ئەمریکا فەرمانێکی واژۆکر کە بەپێی ئەو فەرمانە گەمارۆ دەخرێتە سەر عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، ماڵی ڕێبەری ئێران (بەیتی ڕەهبەری) و هەشت فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران کە بە بازنەی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران دەناسرێن، هەروها بڕیار وایە، ئەم هەفتەیە، محەمەد جەواد زەریف وەرزیری دەرەوەی ئێرانیش بخرێتە لیستی گەمارۆکانی ئەمریکاوە".

ش.ف