ڕۆمانی بۆنی دایك لە ئێوارە كۆڕێكدا ناسێندرا

ڕۆمانی (بۆنی دایك) ی نووسەر گەشبیر ئەحمەد لە ئێوارە كۆڕێكدا ناسێندرا و واژۆی لەسەر كرا، بۆنی دایك تەواوكەری ڕۆمانی نزاكانی دایكم-ی هەمان نووسەرە.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند لە شاری سلێمانی كۆڕێك بۆ ناساندن و واژۆكردنی ڕۆمانی (بۆنی دایك)ی نووسەر گەشبیر ئەحمەد ڕێكخرا.

لە سەرەتای كۆڕەكەدا گەشبیر ئەحمەد، نووسەری ڕۆمانی بۆنی دایك وتەیەكی پێشكەشكرد و باسی لەوەكرد كە ماوەی سێ ساڵ كاری لە نووسینی ڕۆمانی بۆنی دایكدا كردووە و لەڕووی زمانەوانیشەوە هەوڵیداوە چەند لیڤڵێك لە ڕۆمانی نزای دیك بەرزتر بینووسێتەوە.

ڕۆمانی بۆنی دایك تەواوكەری ڕۆمانی نزای دایك-ی هەمان نووسەرە كە سێ ساڵ لەمەوبەر بڵاویكردووەتەوە و چەند جارێك لەچاپ دراوەتەوە. 
ڕۆمانەكە باس لە نەهامەتییەكانی كۆچی گەنجێك دەكات لە كوردستانەوە بۆ هەندەران و پاشان گەڕانەوەی بۆ كوردستان لەگەڵ ئەوەشدا باس لە سۆز و خۆشەویستیی دایك دەكات.

هەر لە ئێوارە كۆڕەكەدا دەوەن مەعروف، نووسەر و ڕەخنەگر قسەی لەسەر ڕۆمانی بۆنی دایك كرد و وتی: بۆنی دایك باس لە تێكەڵبوونی ئەقڵی ڕۆژهەڵاتیی دەكات بە ڕۆژئاوایی، باس لە ئاوێتەبوونی كلتووری ڕۆژئاوایی دەكات بە ئەقڵێكی ڕۆژهەڵاتییەوە، پێمان دەڵێت كە مرۆڤی ڕۆژهەڵاتیی مرۆڤێكی گەڕۆكە و ئەوەش وایكردووە نەتوانێت لە وڵاتی خۆیدا خۆی بناسێتەوە.

لە كۆتایی كۆڕەكەشدا لەلایەن نووسەرەوە واژۆ لەسەر كتێبەكە كرا.

د.ح