ڕۆمانی "خۆزگە بە قسەی شیارم بکردایە" بڵاوکرایەوە

ڕۆمانی "خۆزگە بە قسەی شیارم بکردایە"، کە گێرانەوەی سەرگوزەشتەی پۆلێک گەریلایە، بە زمانی کوردیی و زاراوەی سۆرانی بە تیراژی هەزار دانە، بڵاوکرایەوە و کەوتە بەر دیدەی خوێنەران.


ڕۆمانی "خۆزگە بە قسەی شیارم بکردایە"، لە نوسینی ئیلهامی چنار-ە کە لە زیندانی ئەدەنەی وڵاتی تورکیا بە زمانی تورکی نووسیویەتی و لە لایەن رێبوار هەمەوەندی کە لە دەرەوەی وڵاتە، وەرگێڕانی بۆ کراوە و ئەمڕۆ بە تیراژی هەزاردانە بڵاوکرایەوە و ئێستا لە بازاڕدا لەبەر دەستە.

ڕۆمانەکە پێکدێت لە ٢٦٦ لاپەڕە و چەند لاپەڕەیەک پاشکۆی وێنە و هەزار دانەی لە باشوری کوردستان لێ چاپ کراوە، کە بە زمانی تورکی لە زینداندا لە لایەن نووسەر ئیلهامی چنارە، نووسراوەتەوە باس لە سەرگوزشتی گروپێک گەریلا لە چیادا دەکات و کارەکتەری سەرەکی کەسێکە بە ناوی هەڤاڵ شیار، کە دەیانەوێت لە باکوورەوە بپەڕنەوە بۆ ڕۆژئاوا، بەڵام بە کۆمەڵێک تەنگ و چەڵەمەدا تێدەپەڕن.

ڕۆمانی 'خۆزگە بە قسەی شیار-م بکردایە!' گوزارشتێکە لە ئیرادە و خەباتی بێ وچانی هێزی گەریلا و سەربردەی گروپێک گەریلای ناوچەی ئەمانۆس لە باکووری کوردستان دەگێڕێتەوە، کە بۆ تۆڵەسەندنەوە لە ژەهرخواردکردنی ڕێبەری گەلان "ئۆجەلان" لەگەڵ چەندین گرووپی دیکە، بڕیاریان دابوو تۆڵە بکەنەوە.

ئەم کتێبە چەندین ڕاستی دووپاتدەکاتەوە، یەکێ لەو ڕاستییانە جەدەلی نێوان ئامانج و کەسێتیی تاک بەتاکی گەریلا و سروشتە، کە هەرسێکیان بەیەکەوە لەگەڵ زەمەندا، لە کێبەڕكێی قورسدا دەبن، کە زەحمەت و سەختی سروشت ئەگەر زۆر جار بووەتە ئاڵەنگاری بۆ بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی گەریلا، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بووە بە هاوکار و پارێزەری، وەک چۆن لە کۆمەڵگەدا، لە نێوان تێکۆشەر و تەسلیمکار، کێشمەکێشی توند هەیە، ئاواش لەناو زەمەنە قورسەکانی بەرخوداندا ئەو کێشمەکێش و ناکۆکییە هەیە، لە کۆتاییدا تێکۆشەر بە ڕووسپێتی لێی دەردەچێت و تەسلیمکاریش بە ڕووی ڕەشەوە.

ک.س