ڕۆژئاوا، بە دەرفەتی کەم هەوڵی دروستکردنی ئامێری هەناسەدان دەدرێت

تیمێکی تەکنیکی گەنجانی ناوچەی عامودی لە ڕۆژئاوای کوردستان بەو دەرفەتە کەمەی هەیانە، هەوڵی دروستکردنی ئامێرێکی هەناسەدان بۆ دۆخە نائاساییەکان دەدەن.


بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سەرتاسەری جیهان و گەیشتنی ئەو ڤایرۆسە بۆ سوریا، سەرەڕای هەموو گەمارۆکان و کەمدەرفەتییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان، گەنجان بۆ بارە نائاساییەکان، هەوڵی دروستکردنی ئامێری هەناسەدان دەدەن.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار، تیمێکی تەکنیکی گەنجانی عامودێ سەربە کانتۆنی قامیشلۆ لە ڕۆژئاوای کوردستان، کە لە سێ کەس پێکدێت، هەوڵدەدەن نمونەیەکی ئامێری هەناسەدان پێشبخەن.

سەردار تاهیر، ئەندامێکی ئەو تیمە، بە ئاژانسی هاواری وتووە: لەسەر داوای مانگی سوری کورد، کار لەسەر پێشخستنی نمونەیەکی ئامێری هەناسەدان دەکەن تا لە دۆخە نائاساییەکان بەکار بهێنرێت.

جێگای ئاماژەیە، لە ئێستادا لە هەرێمەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بە گشتی ٢٧ ئامێری هەناسەدان هەیە و خۆبەڕێوبەریی هەوڵدەدات بەپێی پێویست ژمارەیەکی دیکە لەو ئامێرانە دابین بکات.

 

ش.ف