ڕێز لە بەرهەمەکانی جەمال نەبەز نرا

لە شاری ئۆتاوا-ی وڵاتی کەنەدا کۆڕێکی ڕێزلێنان بۆ بەرهەمەکانی د.جەمال نەبەز سازکرا.


لە کۆتایی وەرزی پاییزی ٢٠١٨دا؛ لە شاری ئۆتاوا-ی وڵاتی کەنەدا پێگەی ڕۆشنبیریی کوردیی ئۆتاوا بۆڕێزلێنان لەبەرهەمەکانی نووسەری کۆچکردوو (د. جەمال نەبەز) ئێوارە کۆڕێکی ڕێکخست بۆ د. ڕەحیم سورخی مامۆستای یاریدەدەر لە زانکۆی کارلتۆن.

سەرەتای کۆڕەکە نمایشێکی زۆر کورتی شانۆیی لەلایەن هونەرمەند جەلال قادر نمایشکرا، کە تێیدا سەرنجی ئامادەبوانی بۆ ئەوە ڕاکێشا بۆ ڕێزلێنانی نووسەر و هونەرمەندانمان تا لەژیان ماون، هەروەها بەرهەمەکانیان بخوێندرێتەوە و گرنگییان پێبدرێت لە کۆمەڵگەدا.

پاشان ئاسۆ فەرەج ڕێکخەری کۆڕەکە، ئاماژەی بە لەدەستدانی چەند نووسەر و هونەرمەندی تر کرد، کە هەر لەوماوەیەدا گیانیان لەدەستدا لەوانە( حەکیم کاکەوەیس( ڕۆمان نووس)، مسەتفا ساڵح کەریم( نووسەر و ڕۆژنامەنووس)، ڕەئوف حەسەن( چیرۆک نووس)، ڕەحیم زەبیحی( سینەماکار)، ئەنوەرخان سوڵتان پەنا( شاعیر))، دواتر کورتەیەکی لە ژیان و بەرهەمەکانی د. جەمال نەبەزی بەتێروتەسەلی باسکرد.

دواتریش، د.ڕەحیم سەرەتای باسەکەی بەمێژوویەکی چڕوپڕی پرۆسەی دروستبوونی ئەو کارانەی کە د. جمال نەبەز بۆزمانی کوردی ئەنجامیداوە دەستپێکرد. پاشان هاتەسەر هەڵسەنگاندن و نرخدانان بۆ کارەکانی جەمال نەبەز هاوشێوەکان لەژێر دەسەڵاتی ڕژێمە داگیرکەرەکانی کوردستانی وەک بەعس و ئێران.

هەروەها، بەراوردکاریەکی ئەوکارانەی کرد، کە ئەو کەڵە نووسەرانە کردوویانە لەگەڵ هەلومەرجی زمانی کوردیی بەگشتی لەژێر سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. کە وەک ئەو باسیکرد زۆر هیوابەخش نییە، تەنانەت هەندێک نموونەی هێنایەوە کە ئاستی زمانی کوردیی لە هەرێمی کوردستان بەئاستێکی ئەوەندە خراپ گەیشتووە، کە دوژمنانی ئەو زمانە ئێرەیی پێنابەن!.

شایانی باسە کە دیواری هۆڵەکە بە هونەری نووسینی زۆرێک لە قسەکانی د. جەمال نەبەز و وێنەکانی و ئەو نووسەرانەی دیەکە ڕازابووەوە، کە لەلایەن هونەرمەندی خۆشنووس و شێوەکار ( مەحمود سیامەنسووری)ەوە ئامادەکرابوون بۆ ڕێزلێنان لە بەرهەمەکانی.

کۆڕەکە دوای پتر لە ٣ کاتژمێر لە گفتوگۆکردن و زانیاری دەربارەی د. جەمال نەبەز و ڕۆڵی کەسانی وەک ئەو لە مێژووی میللەتی کورد و زمانەکەی کۆتایی هات.

جەمال نەبەز لەدایکبووی ساڵی ١٩٣٣ی شاری سلێمانییە، لە ساڵی ١٩٦٢ کوردستانی بەرەو ئەوروپا جێهێشتووە و خاوەنی دەیان کتێب و لێکۆڵینەوەیە لەبوارەکانی زانستی، زمانەوانی و سیاسییە، دوای ماگێک مانەوەی لە نەخۆشخانەیەکی شاری بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا، ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە بەهۆی سەختیی نەخۆشییەکەیەوە کۆچی دوایی کرد و دواتر تەرمەکەی گەڕێندرایەوە شاری سلێمانی و بەخاک سپێردرا.

ش.ف