ژن زۆربەی ماکێتەکانی گەلەرییەکەی شێخ سەعید شاکەلی پێکدێنێت

شێخ سه‌عیدی ماکێت ساز، له‌به‌ر گرنگیدانیی به‌ ژن، زۆری ماکێته‌کانی گه‌له‌رییه‌که‌ی تایبه‌ت بە ژن کردووە.


له‌گوندی سه‌عداوا-ی سه‌ر به‌ شاره‌دێی سه‌رقه‌ڵای شارۆچكه‌ی كفری لە ئیدارەی گەرمیان، په‌یکه‌رساز شێخ سه‌عید شاكه‌لی، گه‌له‌رییه‌كی  تایبه‌تی به‌ ‌ماكێته‌كانی کردووه‌ته‌وه‌، ماکێتی نێو گه‌له‌رییه‌كه‌ هه‌موویان له‌ قوڕ درووستكراون و به‌شێكی زۆریشیان وێنه‌ی ژنن.

شێخ سه‌عید، له‌ساڵی  ٢٠١٤ ئەو گەلەرییەی کردووەتەوە، زیاتر له‌ ٥٠ ماکێتی تێدایه‌ و هه‌مووی له‌ قوڕ دروستكران، قوڕه‌كه‌ش تایبەتە و ته‌نها له‌گوندی شاكه‌ل هه‌یه‌، كه‌ بۆ ئه‌و كاره‌ به‌كاربهێنرێت، جگه‌ له‌مه‌ش له‌ شاری سلێمانی ٣٠ ماکێتی تری هه‌یە.

شاكه‌لی،هیچ بڕوانامەیەکی لە هونەری شێوەکاریی و پەیکەرسازیی یان ماکێت سازیی، کە (هونەرێکی هاوشێوەی پەیکەرسازییە) نییە، ئەو هونه‌ره‌ی ئێستا هه‌یه‌تی و كاری له‌سه‌ر ده‌كات،‌ خۆڕسكه و بە خولیا و توانای خۆی فێری بووە.

سه‌ره‌تاكانی ده‌ستپێكردنی ئه‌م كاره‌ی شێخ سه‌عید ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆسه‌رده‌می منداڵیی و لەگەڵ گەورەبووندا زیاتر پەرەی پێداوە، تا لە ساڵی ٢٠٠٦ له ‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڕۆشنبیریی وهونه‌ری سلێمانی، مهاباد جه‌مال-ی شێوەکار سه‌ردانی كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌زامه‌ندی پێ بدات تا پێشانگایه‌كی تایبه‌ت به‌خۆی بكاته‌وه، ئه‌و كاته‌ سه‌رقاڵی دروستكردنی ماكێتێك بووه‌، كه‌ كاره‌كه‌ی بینیووه‌ سه‌ر‌نجی ڕاكێشاوه‌ و هانی داوه‌ كاری زیاتر بكات، تا  دواتر كار گه‌یشتووه‌ته‌‌ ئه‌وه‌ی بڕیاریانداوه‌ هه‌ردووکیان پێكه‌وه‌ كارێك بكه‌ن.

ئه‌و ماكێتانه‌ی له‌م گه‌له‌رییه‌دا هه‌یه‌، هه‌مووی گوزارشته‌ له‌بارودۆخ  و ژیان و گوزه‌ران و نه‌هامه‌تییه‌ یه‌ك له‌دوایی یه‌كه‌كانی ناوچه‌ی گه‌رمیان و باشوری كوردستان، بە نومەن پرۆسەی ئەنفال.

شێخ سه‌عید، خاوه‌نی حه‌وت پێشانگای تایبه‌تی خۆیه‌تی،‌ له‌هه‌ولێر و سلێمانی و كه‌ركوك و ده‌ربه‌ندیخان  و كه‌لار،  هه‌مووشیان به‌ناوی ژیله‌مۆی گه‌رمیانه‌وه‌یه‌، چونكه‌ به‌تێڕوانینی شێخ، له‌گه‌رمیان ژیله‌مۆیه‌كی هونه‌ریی وڕۆشنبیری هه‌یه،‌ به‌ڵام تائێستا نه‌توانراوه‌ وه‌ك پێویست سوودی لێ وه‌ربگیردرێت.

یەکێکی دیکە لەو ماکێتانەی، کە زیاتر لە هەموان لە گەرلەرییەکەی شێخ سەعید-دا دەبیندرێت، ماکیتی ژنە، وەک خۆی باسی دەکات، کارەکانی ڕەنگدانەوەی بیریەتی و گرنگیی زۆر بە ژن دەدات.

لەناو ماکێتەکاندا، ماکێتی ژنێك دەبیندرێت، کە‌  كتێب ده‌خوێنێته‌وه‌، هەروەها شیعرێکی شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌لی  لەسەر نووسراوە، کە ده‌ڵێت بۆ گه‌ل وكۆمه‌ڵ دوو ده‌رد هه‌یه‌ یه‌كێك نه‌خوێندەواریی و ئه‌وی دیكه‌ بێكاریی،، شێخ سەعید، لەوبارەیەوە وتی: خوێنده‌واربوون یه‌كێكه‌ له‌كاره‌ زه‌رورییه‌كانی كورد،‌ به‌تایبه‌ت ژن، چونكه‌ ژن له‌كۆمه‌ڵگای ئێمه ڕێگه‌ی پێنه‌دراوه‌ ڕۆڵ و كاریگه‌ری خۆی ببینیت و ئه‌و به‌هرانه‌ی که‌ هه‌یانه‌ بۆ خزمه‌تی كۆمه‌ڵگا بیخه‌نه‌ كار.

ئه‌م ماكێته‌، لیوا ڕه‌شه‌كه‌ی كه‌لاره‌، له‌كاتی پرۆسه‌ی به‌دناوی ئه‌نفال، براژنی شێخ سەعید و كوڕه‌كه‌ی له‌به‌رده‌م چادره‌كه‌یان دانیشتوون.

ئه‌م ‌ماكێته‌ی دیكه‌‌ش، هه‌ڵۆی به‌رزه‌ فڕی عه فرینی به‌وره‌یه‌ وه ك گه‌ریلا.

ماكێتی قه‌ڵای شێروانه‌

ماكێتی  شه‌هیده‌كانی داستانی داری خله

شێخ سه‌عید شاکەلی، لەپای کارەکانی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ نەبەخشراوە، بیریشی لە فرۆشتنی هیچ ماکێتێکی نەکردووەتەوە و وەک خۆی دەڵێت، ئامانجی تەنیا گەیاندنی بۆچوونەکانیەتی.

شێخ سه‌عید كوڕی شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌لییه‌، له‌ ساڵی ١٩٥٥ له‌ گوندی سه‌یده‌ی سه‌ر به‌شاره‌دێی سه‌رقه‌ڵای شارۆچكه‌ی كفری له‌دایك بووه‌، خاوه‌نی بڕوانامه‌ی به‌كالۆریسە له‌ ئیداره‌، نووسه‌ر و پیکه‌رسازه‌ و خاوه‌نی چه‌ندین به‌رهه‌می هونه‌رییه‌، وه‌ له‌ ئێستا ڕاوێژكاره‌ له‌وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

ش.ف