ژن و ئاواز و فۆلکلۆری کوردیی لە ماڵێکدا

دایک و کچێک لە ماڵەکەی خۆیاندا لە شاری سلێمانی ژوورێکی فۆلکلۆریی دروست دەکەن و بەژەنینی فلوت و ئاوازی فۆلکلۆریی کوردییش تایبەتمەندییەکی دیکە دەدەن بە ماڵەکە.


لە گەڕەکی بەکرەجۆی شاری سلێمانی، ماڵێک جیاوازترە لە هەموو ماڵەکانی دیکە، جیاوازییەکە بە دەستی دایک و کچێک دروستکراوە، ئەویش ڕازاندنەوەی ژوورێکە بە کەلوپەلی کۆنی کوردەواریی و دەنگدانەوەی ئاوازی ڕەسەنی فۆلکۆری کوردییە لەو ژوورەدا، تیمی ڕۆژنیوز سەردانی ئەو ماڵەی کرد و دیمەنەکە بۆ بینەران و خوێنەران دەگوازێتەوە.

 

دیمەن سەعید لەگەڵ شێنەی کچی ژوورە فۆلکلۆرییەکان، کە هاوشێوەی مۆزەخانەیەکی بچووکە، بە زیاتر لە ١٠٠٠ پارچە کەلوپەلی کۆنی کوردەواریی ڕازاندووەتەوە.

بەشێک لە کەلوپەلەکان لە باوک و دایکی دیمەن-ەوە بەجێماون و دیمەنیش بۆ پاراستنیان وەک یادەوەرییەکی شیرین و لە خۆشەویستیی بۆ زیندووکردنەوەی کلتوری کۆنی کوردەواریی لەو ژوورەدا هەڵیگرتوون، باقی کەلوپەلەکانی دیکە لە پێشانگاکاندا کڕیویەتییەوە، کە بەشیک لەوانە کەلوپەلی سەردەمانی زوون و بەشێکیشیان کاری دەستیی ئێستای ژنان.

لە ژوورەکەدا، دۆشەک، فەرش، جاجم، بەڕە، حەسیر، قەنەفە، لامپا، سەماوەر، ڕادیۆ، فەرەنجیی، سەرین، تەیکە  و بە سەدان کەلوپەلی دیکە و کتێبخانەیەکی بچوک هەن.

قەنەفەکانی ئەو ژوورە، هی چایخەنەکەی باوکی دیمەنە، دوای کۆچی دوایی باوکی، دیمەن و شێنێ هێناویانەتەوە بۆ ماڵەوە و ڕەنگیان کردووە لە ژوورەکەدا دایانناوە، هەروەها دیمەن سەرو بەستە و بەرماڵ و شانە و ئاوێنەکەی دایکی و کاتژمێری براکەی لەم ژووردەدا داناوە.

کاتێک دەچیتە ژوورە کلتورییەکەی ئەو ماڵە، هەست دەکەیت لە گەڕاویتەتەوە بۆ چەند دەیەیەک پێش ئێستا و ئەو کەلوپەلانەی، کە پێشتر نەتبینیوون، لەو ماڵەدا پێیان ئاشنا دەبیت.

نەک تەنیا کەلوپەلەکانی ناو ژوورەکە، بەڵکو ئاوازێک کە دەتباتەوە بۆ دەشتەکانی گەرمیان و بۆکان، ئەویش ئاوازی گۆرانییەکانی عەلی مەردان و حەسەن زیرەکە و لە فلوتەکەی شێنێ-وە دەچریکینێ.

شێنێ مەهداوی، کە خوێندکاری قۆناغی سێیەمی بەشی ئاوازدانانە لە کۆلێژی هونەری زانکۆی سلێمانی، لە منداڵییەوە دەستی بە ژەنینی ئامێری فلوت کردووە، لەو ژوورەشدا زیاتر حەز بە ژەنینی فلوت دەکات، بە پۆشاکی کوردییەوە ئاوازە فۆلکلۆرە کوردییەکان دەژەنێت و ئارامیی بە خێزانەکەی و میوانەکانیان دەبەخشێت.

 شێنێ دەڵێ، کە هونەر و میوزیک ڕەنگ دەدات بە ژیانی و هۆکارێکیشە بۆ دوورکەوتنەوەی لە کێشە و جەنجاڵییەکانی ژیان.

شێنە و دایکی ماوەی ١٠ ساڵە پێکەوە سەرقاڵی کۆکردنەوەی کەلوپەلە فۆلکۆرییەکانن لەو ژوورەدا و بە جۆرێک ڕازێندراوەتەوە، کە هەر تەماشکردنێکی خێرا، دەردەکەوێت کاری دەستیی ژنانێکی وردبین و لێهاتووە و دەریشدەکەوێت، چەندە عاشقی کەلەپور و کلتوری کۆنی کوردەواریین.

ش.ف