ژیانی کورد لە پێشانگایەکدا

لە بەردەرکی سەرای شاری سلێمانی، ژیانی کوردیی لە پێشانگایەکدا خرایەڕوو.


پیشانگای ژیانی کوردی دوێنێ لە هۆڵی دەرکی سەرا دەستیپێکردووە و تا ڕۆژی هەینی بەردەوام دەبێت لە نمایش.

لەو پیشانگایەدا مێژوو، کلتور، هونەر، ژیان و ئەو زۆردارییانەی بەسەر کورد هاتوون بە تابلۆ نمایشکراون.

سەربەست عەبدولڕەحمان، شێوەکارەکەیە و لە ساڵی ١٩٧٢ ەوە تا ساڵی ١٩٨٦ تابلۆی کێشاوە، بەڵام بەهۆی زۆردارییەکانی ڕژێمی بەعسەوە ناچاربووە دەستبەرداری تابلۆ کێشان بێت، پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس جارێکی دیکە لە ساڵی ٢٠١٥ دەستی بەکار کردووەتەوە.

سەربەست لەبارەی مەبەستی بۆ نمایشکردنی تابلۆکانی بۆ ڕۆژنیوز وتی: بەو وێنانە دەمەوێت مۆزەخانەیەک دروست بکەم، بۆ ئەوەی کاتێک کەسانی بیانی هاتن بۆ وڵاتەکەمان بە بینینی ئەو تابلۆیانە تێبگەن کە ئێمە خاوەنی مێژوو و کلتورین، با بزانن ئێمە ژیانمان چۆن بووە.

ئەوەشی وت، کە چیدی کەس لەبارەی کلتور و  مێژووی کوردەوە کتێب نانووسێت، لەڕێگای ئەو تابلۆیانەوە دەتوانین ڕابردوو و ژیانمان بگوازینەوە بۆ نەوەی ئێستا، ئەمڕۆکە تابلۆ و وێنە جێگای کتێب و نووسینی گرتووەتەوە.

ش.ف