کارنامەی دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی سلێمانی

چوارەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی سلێمانی لە دووەم ڕۆژدا بەردەوام دەبێت، بڕیارە ئەمڕۆ ٣٣ فیلمی کورت و درێژ لە ١٤ وڵاتی جیهانەوە نمایش بکرێن، ١٣ فیلمیان لە کوردستانەوەیە، پانێڵێکیش دەربارەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەڕێوەدەچێت.


ئێوارەی دوێنێ لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، کارەکانی چوارەمین فێستیڤاڵی فیلمی سلێمانی بە نمایشکردنی فیلمی خوشکانی جەنگ دەستیپێکرد، کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و سینەماکارانی کوردستان و وڵاتانی بیانی بەشدارییان کردووە.

فێستیڤاڵەکە ماوەی هەفتەیەک بەردەوامیی دەبێت، ١٣٤ فیلم لە ٧٩ وڵاتی جیهانەوە بەشدارییان کردووە، لەو ژمارەیەش ٤٤ فیلمیان کوردیین.

بڕیارە ئەمڕۆش لە دووەم ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا، ٣٣ فیلمی کورت و درێژ لە ١٤ وڵاتەوە نمایش بکرێن، لەو ژمارەیەش ١٣ فیلمیان کوردیین، نمایشی فیلمەکانیش لە کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆوە دەستپێدەکات و لە هۆڵەکانی سیتی سینەما و سینە سالم-ی شاری سلێمانی نمایشی فیلم دەکرێن.

هەر لە چوارەچێوەی کارەکانی فێستیڤاڵەکەدا، ئەمڕۆ پانێڵیکیش له‌باره‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه‌شوهه‌وا‌ و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی پاراستنی ژینگه‌ بەناونیشانی "شێرپەنجەی زەوی" لە هۆتێل شاری جوان بەڕێوەدەچێت، پانێڵەکە لە کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی پێشنیوەڕۆوە دەستپێدەکات و تا کاتژمێر ٠٣:٠٠ی دوانیوەڕۆ دەخایەنێت.

س.ح