کاری دەستیی ژنانی سۆزی دەروونی نمایش دەکرێت

بەرهەمی دەستیی ژنانی نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە شاری سلێمانی، کە ڕەنگە ئاڵوواڵاکان تێیدا ڕەنگی دەدایەوە، لە پێشانگایەکدا نمایشکرا.


پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی لە تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، پێشانگایەکی کاری دەستیی بۆ نەخۆشەکانی ئەو نەخۆشخانەیە کرایەوە.

ئەم نەخۆشخانەیە ساڵانە کارە دەستییەکانی ژنان لە نەخۆشانەکەدا، لە پێشانگایەکدا نمایش دەکات، بە ئامانجی نیشاندانی توانای ئەو نەخۆشانەیە و سەلماندنی چاکبوونەوەی نەخۆشەکانیان، کە ئەگەر هاوکارییان بکرێت و قۆناغی چارەسەریی تێپەڕێنن، دەتوانن ببنە کەسانی کاریگەر و دەستڕەنگینی ناو کۆمەڵگا.

پێشانگاکە پێکهاتبوو لە بەرهەمی زیاتر لە ٣٠ ژن و بەرهەمەکانیان زیاتر جوانکارییەکانی ماڵ و بابەتی خۆڕازاندنەوەی ژنان و جلوبەرگ و چینین و تابلۆی جۆربەجۆری لە خۆگرتبوو، کە ڕەنگ و وردەبەرد و زەنگیانەی تێدا بەکار هێنرابوو.

لەو پێشانگایەدا چەند بەشێکی دیکەی وەک خواردنەجۆربەجۆرەکان و شیرینی، هەروەها پێشانگای کتێبی لە خۆگرتبوو، کە لە ٣٠% داهاتەکانیان بۆ نەخۆشخانەکە تەرخان کرابوو، ئەوەش بە ئامانجی هاوکاریکردنی ئەو نەخۆشانەی لە سۆزی دەروونیدان.

سروە عوسمان، یەکێک لەو کەسانەی کە بە کاری نەخشی خەنە و بابەتی جوانکاری بەشداری کردبوو، خۆشحاڵم بوو کە بە کارەکانی بەشداری لەو پێشانگایەدا کردووە و و بووەتە بەشێک لەو هەڵمەتی هاوکاریکردنە و دەشڵێت "گرنگ ئەوەیە کە بە کارەکانمان جوانییەکمان بە ژیان بەخشیوە".

نەخۆشخانەی سۆزی دەروونی، یەکەمین نەخۆشخانەیە لە هەرێمی کوردستاندا کە ١٠ ساڵە بووەتە پەناگەیەک بۆ ئەو ژنانەی دووچاری نەخۆشی شیزۆفرینا و نەخۆشی پەشێوی مەزاجی دوو جەمسەری بوونەتەوە، تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ نەخۆشی چارەسەر کردووە، وە لە ژێر چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی بەڕێوە دەبرێت، تایبەت نییە بە تەنها شارێک، بەڵکو لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانەوە نەخۆش وەردەگرێت.

س.ح