کاولکارییەکانی سوریا لە نیۆرک نماییش دەکات

شێوەکارێکی سوری، ڕێگەیەکی جیاوازی بۆ نیشاندانی کاولکارییەکانی وڵاتەکەی بە دنیای دەرەوە بەکارهێناوە ئەویش دروستکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی سوریایە بە سیرامیک و لەڕێگای دەنگەوە.


محەمەد حافز، شێوەکارێکی کۆچبەری سورییە لە ئەمریکا، لە مۆزەخانەی برۆکلین لە نیۆیۆرک پێشەنگایەکی بۆ تابلۆکانی کردووەتەوە و سەرنجی گەشتیارێکی زۆری بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە.

حافز کاری لەسەر وێرانکاریی بیناو باڵەخانەکانی سوریا کردووە، کە چۆن وەک مۆم بەهۆی شەڕی ناوخۆی وڵاتەوە بەشێکیان بە تەواوی تواونەتەوە.

لە چەند چاوپێکەوتنێکدا ئەو شێوەکارە سورییە دەڵێت، نایەوێت ناسنامەی خۆی بۆ سەردانیکەران ئاشکرا بکات و ناشیەوێت قسە لەسەر سوریا بکات، ئەوەی دەیکات لە ڕێگەی تابلۆ سێ ڕەهەندییەکانیەوە نیشانی هەموو جیهانی دەدات، تا ئێستاش تابلۆکانی لە بەریتانیا و چەند شارێکی دیکەی ئەمریکا نماییشکردووە.

لەسەر هەر تابلۆیەکی سێ ڕەهەندی، دەنگێکیش لەسەری دانراوە، کە تێکەڵ بە کەشوهەوای تابلۆکە دەبێت، سەردانیکەران لە ڕێگەی بەرگوێ(سەماعە)یەکەوە گوێبیستی دەبن.

ش.ف