کتێبخانەی سلێمانی کتێب بەسەر ناوەندەکانی کەرەنتینەدا دابەش دەکات

کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، کتێب بەسەر ناوەندەکانی کەرەنتینەدا دابەش دەکات لە سلێمانی، هەڵمەتەکە بە سێ قۆناغ ئەنجامدراوە و تا ئێستا ٥٥٠ کتێبی هەمەجۆر بەخشراوەتە کەرەنتینەکان.


لەدوای کردنەوەی چەند ناوەندێک لە سلێمانی بۆ کەرەنتینەکردنی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگەڕانەوە، کتێبخانەی گشتیی سلێمانی هەڵمەتێکی دابەشکردنی کتێبی بەسەر کەرەنتینەکەدا دەستپێکرد.

قۆناغی یەکەم و دووەمی هەڵمەتەکە بەهەماهەنگیی بووە لەگەڵ ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ و هەر قۆناغێک ٢٠٠ کتێب بەخشراوەتە کەرەنتینەکان، سێیەم قۆناغیش دوێنێ بەڕێوەچووە کە لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ڕۆشنبیریی حکومەتی هەرێم ١٥٠ کتێبی دیکە بەخشراوەتە کەرەنتینەکان.

بەوتەی ئالان ڕەئوف، بەڕێوبەری کتێبخانەی گشتیی سلێمانی، ئەو کتێبانەی دابەشکراون بەسەر کەرەنتینەکاندا هەمەچەشنن و زۆرینەیان زمانی کوردین، "ئامانجیشمان ئەوەیە ئەو کەسانەی لە کەرەنتینەکاندا دەمێننەوە تووشی جۆرێک لە فشاری دەروونیی نەبن و ئارامییان پێ ببەخشێت".

بەڕێوەبەری کتێبخانەی گشتی سلێمانی ئەوەشی بۆ ڕۆژنیوز وت، کە دابەشکردنی کتێبەکان بێ بەرامبەرە و دواتریش وەرناگیرێتەوە و ئەو کەسانەشی دەچنە دەرەوە دەتوانن کتێب لەگەڵ خۆیاندا ببەنەوە.

لە سەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی ئێران ١٠ ناوەندی کەرەنتینە لە سلێمانی کرانەوە بۆ ئەو کەسانەی لە ئێرانەوە دەگەڕێنەوە بۆ سنووری پارێزگاکە، ئێستا تەنها دوو ناوەندی کەرەنتینە ماون و ٨یان داخراون.

ک.س