کتێبەکانی بەختیار عەلی باسی مرۆڤی کورد دەکەن

ماوەی دوو ڕۆژە دوو کتێبی نوێی نوسەر بەختیار عەلی بە ناوەکانی (ناشوێن) و (دەریاس و لاشەکان) بڵاودەکرێنەوە و خوێنەرێکی زۆر ئامادەی کڕینی کتێبەکان بوون، لە کتێبەکاندا بەختیار عەلی باسی دۆخی ئێستای مرۆڤەکان و مێژووی مرۆڤی کورد دوای ڕاپەڕین دەکات.


ئەمڕۆ دوو ڕۆژە لە ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند لە شاری سلێمانی، هەر دوو کتێبە نوێیەکەی نووسەر و ڕۆمان نووسی کورد، بەختیار عەلی نمایش دەکرێن، ئەمڕۆ دووەم ڕۆژ و کۆتا ڕۆژی نمایشەکە بوو.

یەکێک لە کتێبەکانی نوسەر و ڕۆماننووس بەختیار عەلی، بە ناوی (ناشوێن)ە کە کۆمەڵێک وتار و لێکۆڵینەوەی فکرییە و باس لە دۆخی مرۆڤی ئێستا دەکات کە جێگیر نییە، هەروەها هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی دۆخی ئێستای مرۆڤەکان، ناشوێن ٢٥٩ لاپەڕەیە و لەسەر ئەرکی نوسەر چاپ کراوە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند بڵاوکراوەتەوە و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان گرتۆتە ئەستۆ.

کتێبی دووەمیش ڕۆمانێکە بە ناوی (دەریاس و لاشەکان)، کە خوێندنەوەیەکی دیکەیە بۆ مێژووی مرۆڤی کورد و مێژووی دوای ڕاپەرینی مرۆڤی کورد، ئەم کتێبەش بە هەمان شێوە لەسەر ئەرکی نوسەر چاپ کراوە و لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند بڵاوکراوەتەوە و ئەرکی بڵاوکردنەوەی لە دەرەوە و ناوەوەی کوردستان گرتۆتە ئەستۆ.

هەرچەندە ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند پانتایەکی ئەوەندە گەورەی نیە، بەڵام ئەمڕۆ بە سەدان خوێنەر لەوێ ئامادە بوون تا کتێبەکانی ئەو نوسەرە کوردە بەدەستبهێنن.

جێی باسە، کە زۆرینەی خوێنەرەکانی ئەو دوو کتێبە گەنج بوون و خوێندکاری زانکۆ بوون، بەختیار عەلی بەوە ناسراوە کە خوێنەرەکانی زیاتر گەنجانن و نەوەی دوای ڕاپەڕینن.


ک.ک