کتێبەکانی دیار غەریب دابەش کران

 شەش کتێب و نامیلکەی شەهید دیار غەریب، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کەجەکە سەرلەنوێ لەچاپدرانەوە و لە مەراسیمی چلەکەیدا بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کران.


لەلایەن ژمارەیەک لە هاوڕێیانی شەهید دیار غەریب ناسراو بە (هەڤاڵ هەڵمەت)، ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، کە ڕۆژی ٥ی تەمموزی ئەمساڵ لە بۆردوومانێکی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوو، شەش کتێب و نامیلکەی سەرلەنوێ چاپکرانەوە و ئەمڕۆش لە مەراسیمی چلەکەیدا بەسەر ئامادەبوواندا دابەش کران.

ئەو کتێب و نامیلکانەی کە سەرلەنوێ لەچاپدراونەتەوە پێکهاتوون لە: خوێندنەوەیەکی نوێ بۆ مێژووی کوردستان، کورتە مێژوویەکی عێراق و باشوری کوردستان، مانیفێستی گەنجانی باشوری کوردستان، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی، قەیرانی سیستم و پرسی پێشەنگایەتیی لە باشوری کوردستاندا و هەڵوەستەیەک دەربارەی ئایین و باوەڕمەندیی.

جگە لەم شەش بەرهەمەشی کە بۆ جاری دووەم لە چاپدراونەتەوە، چەند بەرهەمێکی دیکەی دەستنووسی شەهید دیار غەریب هەن، کە  خۆیان لە بواری فکرییدا دەبیننەوە و بڕیارە لە داهاتوودا ئەوانەش چاپ و بڵاوبکرێنەوە.

شەهید دیار غەریب محەمەد ناسراو بە هەڤاڵ هەڵمەت، لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣ی گوندی سێوسێنان-ی ناوچەی قەرەداغ-ی سەر بە شاری سلێمانییە، ساڵی ١٩٩٦ بەشداری ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بووە، لە ساڵی ٢٠٠٨ تا ساڵی ٢٠١٤ هاوسەرۆکی پارتی چارەسەر دیموکراتی کوردستان (پەچەدەکە) بووە، دواتریش بووەتە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پەکەکە و ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی گشتیی کۆما جڤاکێن کوردستان-کەجەکە، لە ٥ی تەمموزی ئەمساڵیشدا لە بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکدا شەهیدبوو.

 

ش.ف