کلتور و کەلەپوور چایخانەیەکی قەرەباڵغ کردووە

لە ناو بازاڕی شارۆچكەی سۆران، چایخانەیەك بە دانانی پارچە کەرەستەکانی کۆنیی کوردەواریی و  هەبوونی سیمایەکی کلتوریی، سەرنجی هاوڵاتیانی بۆ خۆی ڕاکێشاوە، ئەم شوێنە گەنج و بە تەمەنەکانیی کۆکردووەتەوە و پێکەوە گفتگۆ و یاریی دەکەن.


چاخانەی كلتوریی سۆران، ماوەی دوو ساڵە لە سەنتەری شارۆچکە سۆران لە پارێزگای هەولێر کراوەتەوە، هەرچەندە ماوەی کردنەوەکەی کەمە، بەڵام بە شێوازە کوردەوارییەکەی وایلێهاتووە، هەمیشە قەرەباڵغترین چایخانەی سنوورەکەی بێت.

كەلوپەلی فۆلكلۆر، حەیران و بەستەی كوردیی ڕەسەن و یاری دامە و چای ڕەش، گەرم بنەمای سەرەكی چایخانەی كلتوریی سۆران'ن.

چایخانەكە پڕە لە كەلوپەلی فۆلكلۆریی كوردەواری، ژمارەیەكی زۆر لەو كەلوپەلانە لەلایەن خەڵكی سۆرانەوە بە دیاری بۆ چایخانەكە هێنراون، ئامانج لە كۆكردنەوەی ئەو كەلوپەلە فۆلكلۆریانەش بریتییە لە پاراستن و ئاشناكردنی گەنجان بە كلتوری كۆنی كوردەواریی.

زوبێر باڵەك كەسایەتییەكی ڕەسەن و فۆلكلۆردۆستی شارۆچكەی سۆران و دەڤەری باڵەكایەتییە، ئەو دەڵێت، شار بە باڵاخانەی بەرزەوە بەناوبانگ و ڕازاوە نابێت، بەڵكو بەو شتە جوانانە بەناوبانگ دەبێت كە گوزارشت لە ڕەسەنایەتی دەكەن.

هاوكات خدر حاجی قادر بەڕووخسار پیرو بەدڵ گەنج سەرقاڵی یاری دامەیە و بەرەو بردنەوە هەنگاو دەنێت، مام خدر دەڵێت، یاری لەگەڵ هەموو كەسێك ناكات، چونكە توانای بردنەوەی لەهەموان نییە، دەشڵێت زۆر ئاسوودەن كاتێك لەو چاخانەیە دادەنیشن و بەبینینی دیمەنە جوانەكانی ڕابردووی كۆنی خۆیان بیردەكەوێتەوە.

فەرهاد گزرەیی خاوەندی چایخانەکەیە و دڵخۆشە بەكارەكەی، دەشڵێت، مەبەستی لە دروستكردنی ئەو چایخانەیە تەنیا بەدەستهێنانی پارەو قازانج نییە، بەڵكو زیندووهێشتنەوەی كەلەپووری كوردییە.

س.ح