"کورد نەتەوەیەکی کۆمەڵکوژکراو" بە پێنووسی ژنێکی فینلەندیی

"کورد نەتەوەیەکی کۆمەڵکوژکراو" ناونیشانی پەرتوکی کۆمەڵناس و کوردناسێکی فینلەندییە، کە تیایدا دەستی خستووەتە سەر کۆمەڵکوژیی و کۆژانەکانی خەڵکی باکوری کوردستان و دۆخی ئەو پارچەیەی وڵات بەراورد بە باشوری کوردستان دەکات، هاوکات ڕۆڵی پەکەکە بەرز دەنرخێنێت.


کریستینا کۆیڤونەن (Kristina koivynen)، کە ژنێکی کۆمەڵناسی فینلاندییە و یەکێکە لە نووسەرە کوردناسە دیارەکان، پەرتوکێکی بەناونیشانی "کورد نەتەوەیەکی کۆمەڵکوژکراو" نوسیوە، کە کتێبێکی بەراوردکارییە لەنێوان کۆمەڵکوژییەکانی باکوری کوردستان و باشوری کوردستان و لە ڕووی بابەتییەوە پەرتوکێکی مێژوویی، سیاسیی و ڕۆژنامەوانییە، لەلایەن هەردوو وەرگێڕ زاگرۆس ئەحمەد و لەنجە ئەحمەد-ەوە وەرگێڕانی سۆرانی بۆکراوە و لە ئێستادا لە کتێبخانەکانی باشوری کوردستان دەستدەکەوێت.

زاگرۆس ئەحمەد، یەکێک لە وەرگێڕەکانی پەرتوکەکە، پێویستی بە کۆمەڵێک سەرچاوە دەبێت لەبارەی مێژووی باکوری کوردستانەوە، زۆرێک لە کتێبخانەکان دەگەڕێت، بەڵام بە زاراوەی سۆرانیی کەمترین پەرتوک دەبینێت، "بینیم کتێبخانەی کوردیی لە باشوری کوردستان هەژاریی زۆری پێوە دیارە، سەرچاوەیەکی وای تیانییە کە ئێمە بتوانین لە ڕێگەیەوە، لە کۆژان و ئازار و مەینەتیی و دۆخی کوردانی باکور تێبگەین"، ئەمەش هانی دەدات "یەکێک لە باشترین پەرتوکەکان لەسەر باکور" لەگەڵ لەنجە ئەحمەد لە زمانی عەرەبیی و ئینگلیزییەوە وەربگێڕێت بۆ زاراوەی سۆرانیی.

زاگرۆس ئەحمەد، بەم جۆرە باس لە ناوەڕۆکی کتێبەکە دەکات:

"زۆر بە وردیی دەستی خستووەتە سەر کۆمەڵکوژیی و کۆژانەکانی خەڵکی باکوری کوردستان و ئەو داگیرکاریی و ستەمەی کە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بەرامبەریان دەیکات.

نووسەر لێرەدا دوور لە هەر باگراوەند و ئایدۆلۆژیایەکی سیاسیی، خەبات و ماندوبوون و هەوڵەکانی پەکەکەی بەرزنرخاندووە و دەڵێت پارتی کرێکارانی کوردستان کاردانەوەی سیاسەتی چەوتی تورکیایە، هەر وەک چۆن زمان یەکێکە لە فاکتەرە سەرەکییەکانی شوناسی نەتەوەیی، بەڵام تورکیا زمانی کوردی قەدەغەکردووە".

هەروەها، وەرگێڕ باسی دەکات، نووسەر لەبارەی پەکەکەوە نووسیوێتی: پارتی کرێکارانی کوردستان دۆخێکی خوڵقاندووە، کە نا ئاگایی سیاسیی بکات بە ئاگایی سیاسیی و غەفڵەتی سیاسی و کۆمەڵایەتی بکات بە هۆشیاریی، کاتێک تاکێک پەروەردەکات، هۆشیاری دەکات بەرامبەر ئەرک و مافەکانی خۆی و هەمیشە لە هەوڵی مرۆڤ و بیر و خەونی ئازاددایە، لە باکوری کوردستان لە سایەی پەکەکەوە گەل لە خراپترین دۆخدا بەرەوە هۆشیاریی هەنگاودەنێت، بەڵام لە باشوری کوردستان تەواو پێچەوانە لە سایەی دوو حزبی دەسەڵاتدارەوە خەونی سەربەخۆیی کوردان بەرەو خەونی بنەماڵەیی دەڕوات.

زاگرۆس ئەحمەد، وەرگێڕ لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوەشدا: هەر کەسێک ئەم پەرتوکە بخوێنێتەوە، ڕاستییەکی نامۆی بۆ ڕووندەبێتەوە، ڕوانگەی نووسەر بەو شێوەیە کە لە باشوری کوردستان، کاتێک دوو پارتی ئۆپۆزسیۆن لە ڕابردوودا دەبن بە دەسەڵاتدار لە ئێستادا، خەونی ئازادبوون لە دیدی ژێردەستەیی بەرەو نایەکسانی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی  دەبەن، بەڵام لە باکوری کوردستان زۆر پێچەوانەیە.

کریستینا کۆیڤونەن، دەربارەی کورد هەشت پەرتوکی نوسیووە، تێزی دکتۆراکەی لەسەر جەنگی شاراوەیە لە باکوری کوردستان، کە کۆمەڵێک ڕاستی مێژوویی و هەنوکەیی سەبارەت بە چەوساندنەوەی کوردانی باکوری کوردستان خستووەتەڕوو تیایدا، هەر لەبەر ئەمە دەوڵەتی تورکیا ناوی خستۆتە لیستی ئەو کەسانەی کە تورکیای لێقەدەغەکراوە و ناتوانێت بچێتە ئەو وڵاتەوە.

ش.ف