کچانى مەریوان ئاواز و هونەریان لە چەمچەماڵ پێشکەشکرد

گروپى کچانى زایەڵە-ى مەریوان، کۆنسێرتێکى هونەریان لە چەمچەماڵ پێشکەشکرد، قائیمقامى چەمچەماڵیش سوپاسى ڕۆژنیوزى کرد، لەبەر ئەوەى تاکە کەناڵ بوو، کە ڕووماڵى کۆنسێرتەکەى کرد.


ئێواره‌ی ئه‌مرۆ گروپی كچانی (زایه‌ڵه‌)ی مه‌ریوان له‌هۆڵی ڕۆشنبیری شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ كۆنسێرتێكى هونەری-یان سازكرد.

له‌كۆنسێرته‌كه‌دا، کە ژماره‌یه‌كی زۆر له‌به‌رپرسان و هونه‌رمه‌ندان و ڕۆشنبیرانی شارۆچكەى چەمچەماڵ ئامادەبوون، چه‌ندین گۆرانی و ئاوازی فۆلكلۆری كوردی لەلایەن گروپى زایەڵە-ى مەریوان-ەوە  ‌  پێشكه‌شكرا.

له‌سه‌ره‌تاى كۆنسیرته‌كه‌دا ڕه‌مەك ڕمه‌زان، قائیمقامی شارۆچكه‌ی چه‌مچه‌ماڵ به‌خێرهاتنی گروپی زایه‌ڵه‌ی مه‌ریوانی كردوو، هه‌روه‌ها ده‌ستخۆشی له‌ئاژانسی هەواڵى ڕۆژنیوز كرد، كه‌ ته‌نها كه‌ناڵه‌ ئاماده بووە بۆ ڕووماڵى کۆنسێرتەکە و ڕووی جوانی و هونه‌ری شاری چه‌مچه‌ماڵ پیشانی هه‌مووان ده‌دات، هاوكات ڕه‌خنه‌ی له‌هه‌ندێك له‌ڕاگه‌یاندنه‌كان گرت، كه‌ ته‌نها ده‌یانه‌وێت چه‌مچه‌ماڵ به‌شێوه‌یه‌ك نیشان بده‌ن، كه‌ گوایه‌ به‌رده‌وام گرفت و شه‌ڕی تیدایه‌.

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ڕۆشنبیری و هونه‌ری چه‌مچه‌ماڵ وه‌رزێكی چالاكی هونه‌ری و ڕۆشنبیری و ئه‌ده‌بی ده‌ستپێده‌كات، یه‌كه‌م كاریان سازكردنی ئەم کۆنسێرتە بوو بۆ گروپی كچانی زایه‌ڵه‌ی مه‌ریوان.

د.ع