کۆگایەکی فیلم بایکۆتی فیلمی تورکیی دەکات

کۆگایەکی فیلم و زنجیرە لە هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە ڕاگرتنی بڵاوکردنەوەی فیلمی تورکیی و ئەو بەرهەمانەشی تا ئێستا بڵاویانکردووە سەرجەمیان سڕییەوە.


کوردسەبتایتل، کە وەک خۆیان دەڵێن، گەورەترین کۆگای فیلم و زنجیرەی ژێرنووسکراوی کوردییە لە هەرێمی کوردستان و لەڕێگای ماڵپەڕی kurdsubtitle.ne وە بەرهەمەکانیان بڵاودەکەنەوە، شەوی ڕابردوو بەرپرسانی ماڵپەڕەکە بڕیاریاندا بە سرینەوەی سەرجەم بەرهەمە تورکییەکان.


وەک لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویانکردووەتەوە"وەک هەڵوێستێک بەرامبەر ئەو کردە قێزەونانەی بەرامبەر خوشک و براکانمان دەکرێت لە ڕۆژئاوای کوردستان، ناتوانین بێدەنگبین بەرامبەر ئەم کارە و هەمووان بەپێی ئەو بوارەی کەتێیدان پێویستە یەکگرتوو بین وهەڵوێستی خۆمان وەک کوردێک بەرامبەر خاک و هاونیشتیمانیان دەرببڕین
بۆیە لەمڕۆوە تەواوی بەرهەمە تورکیەکانمان لە ماڵپەڕ سڕیوەتەوە، لەمەودواش بەهیچ شێوەیەک هیچ فیلمێکی تورکی بڵاو ناکرێتەوە و ژێرنوسی فیلمی تورکی لەهیچ وەرگێڕێک وەرناگیرێت".

ئەو بڕیارەی کوردسەبتایتل، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بایکۆتکردنی کاڵای تورکییدا دێت و بە هەزاران کەس و خاوەن کۆمپانیا بەشدارییان لەو هەڵمەتەدا کردووە.

ش.ف