کەریم کابان عەشقێک کە بەبێدەنگی سووتا

بە چەند ساڵێک ئاوازێکی بەرهەمهێناوە، لەگەڵ هۆنراوەکەیدا ئاوێتەی کردووەو دواجار گۆرانییەکی لێ بەرهەمهێناوە کە نەتوانرێت دوای خۆی بوترێتەوە.


کەریم کابان، هەرچەندە تەمەنێکی زۆری لە نێو کایەی هونەری کوردیدا هەبوو، کەچی بەرهەمێکی کەمی لە دوای خۆی جێهێشت، بەڵام ناوازەو تایبەت کە بۆ هەمیشە لە گوێی هەموواندا دەزرنگێنەوە.

ئەمڕۆ چوار ساڵ بە سەر کۆچی دوایی هونەرمەندی گۆرانیبێژ عەبدولكەریم جەلال ناسراو بە كەریم كاباندا تێدەپەڕێت، کە لە تەمەنی ٨٨ ساڵیدا بەهۆیی نەخۆشییەوە لە سلێمانی کۆچی دوایی کرد.

کابان نە هیچ وانەیەکی هونەری خوێندووە و نە لە هیچ ئامێرێکی موزیکیدا شارەزابووە، بەڵام ئاوازی بۆ گۆرانییەکانی خۆی داناوە، تەنانەت چەند ئاوازێکیشی بۆ هونەرمەندانیتر داناوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئاوازەکانی بوونەتە ئیلهامی چەندین هونەرمەندیتر.

کابانی هونەرمەند هەر بە بنەماڵە دەنگخۆش و هونەرپەروەربوون و باوکیشی موزیک ژەن بووە، سەرەتای كارکردنیشی لە بواری گۆرانی وتندا، بۆ بەشداریکردنی لە  تیپی سروودی قوتابخانەكان دەگەڕێتەوە لە سەرەتای چلەکان.

ساڵی ١٩٤٥ کابان لە بەغدا بووەتە بەڕێوەبەری بەشی كوردی لە ڕادیۆی بەغداو هەر لەو ماوەیەشدا یەكەم بەرهەمی خۆی بەناوی (لە ڕێی دڵداری) لە ڕادیۆی بەغدا تۆمار کرد.

هەرچەندە گۆرانییەکە لەوکاتەدا پێشوازی زۆری لێدەکرێ و دەنگدانەوەیەکی باشی لە نێو خەڵکدا دەبێت و شەیدایانی دەنگی بە تامەزرۆییەوە چاوەڕیی بەرهەمی دیکە دەکەن، بەڵام ئەمە وای لێناکات بەرهەمی دیکە لەو ماوەیەدا بڵاوبکاتەوەو تا کۆتایی خزمەتی تەمەنی هونەری خۆیشی کە نزیکەی ٧٠ ساڵ دەبێت، تەنها ١٢ گۆرانی تۆمار کردووە.

زۆر کەس گۆرانی دەڵێن، بەڵام کەمن ئەو دەنگانەی کە لە دەرگای دڵ دەدەن، بەناخی ڕوحدا ڕۆئەچن، کەم دەنگ هەیە ببێتە هاوڕێ و یادگاریەکانمان بهەژێنێت، دەنگی کەریم کابان لێوان لێوە لە عیشق و یادگاریی، بەشێوەیەکە، کە بە ١٢ گۆرانی بە یەکێک لە ناوازەترین و دەنگخۆشترینەکان لە مێژووی گۆرانی کوردیدا دادەنرێت و کەسێک نییە ئاشنای دەنگ و کەسایەتیی و ناوی نەبووبێ.

هونەرمەندان بەم جۆرە لە وەسفی کاباندا دەڵێن: کاتێک گوێبیستی گۆرانیی (قەت نەدەی ئازاری گیانی مەست و بێدارانی شەو) دەبێت، هەست بە هەموو ئەو ئازارانە دەکەیت کە لە پێناوی ئەویندا بەر مرۆڤەکانی ئەم کۆمەڵگایە کەوتوون.

گۆرانیی (یاران وەسیەتم) دنیایەک میهر و وەفامان نیشاندەدات، (گیانە لە پرخەی خەوی خاوما پێبنێ وەبان هەردووچاوما) وانەیەکە لە خۆشەویستی و لە خۆبوردن و قوربانیدان، هەروەک دەشڵێن، لەناو کۆی گشتی تابلۆی گۆرانییەکانیدا، هەیکەلی عومرێکی حەسرەتکێش بەدی دەکرێن.

لەبارەی بەرهەمەکانی کابانەوە، هونەرمەندان ئاماژە بەوە دەکەن، ئەگەر بەوردی سەرنج بخرێتەسەر گۆرانییەکانی، هەست بە پەیامێکی مرۆڤ دۆستانەو پڕ لە خۆشەویستی دەکرێت، شۆڕشێکی گەورەی لە بواری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی لە ڕێگەی هونەرەکەیەوە بەرپا کرد.

لەنێو خانوویەکی بێنازی گەڕەکی شێخاندا، کابان زیاتر لە نیو سەدە ژیا، ئەو تا کۆتایی تەمەنی لەم ماڵە خنجیلانەیەدا دەژیا، ئێواران بە پیاسە بەنێو کوچەو کۆڵانە تەسکەکانی شێخاندا بەرەو مزگەوتی گەورەو باخی گشتی دەهات.

لە هەر بستێکی ئەم ماڵە چۆڵەدا، وێنای کابانی مەزن بەدیدەکەیت، لەنێو تاق و بنمیچەکاندا، هێشتا دەنگەکەی ماوەتەوە، ئاستەمە نەیبیستیت، بەڵام وا بەم جۆرە بووەتە کۆگای جلوبەرگ و گەر بەمجۆرە بڕوات، بەمەشەوە ناوەستێ و بۆ هەمیشە تەختی زەوی دەکرێت.

س.ح