کەلار ، دوو دیبەیت و پێنج کورتە فیلم نمایشکران

ڕۆژی سێیەمی دیداری هونەریی گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ، بە دیبەیتێک لەسەر ئەکتەر و هونەری دراما دەستی پێکرد.


بەیانی ئەمڕۆ لە هۆڵی هونەر، لە شارۆچکەی کەلار-ی ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، کارەکانی کۆتا ڕۆژی دیداری هونەری گەرمیان بۆ سینەما و شانۆ، دەستی پێکرد.

سەرەتا، دکتۆر سافرە ناجی، لەسەر وزەی هزری ئەکتەر قسەی کرد و تێدا، باسی لەوەکرد، کە پێویستە ئەکتەر ڕۆلی گرنگ ببینیت لە کاری شانۆ و سینەما  زیاتر لەوەی پێ ئەسپێردرێت، ئەکتەر لە عێراق بە گشتی لە ڕووی  تێفکرینەوە لاوازی پێو دیارە و ئەو لاوازییەش بووەتە هۆی ئەوەی لە کاتی ڕۆڵ بینیندا وەک پێویست بەکاری خۆی هەڵنەسێت.

پاشان ، یاسین قادر بەرزنجی، لەسەر هونەری دراما قسەی کرد و ئاماژەی بەوەدا، بۆ ئەوەی درامایەکی سەرکەوتوو بەرهەم بهێندریت پیویستە هەموو بنەماکانی وەک یەک ئەکتیڤ بن و ڕۆلی بەرچاو بینیت، ئەوە ئەکتەرە، کە  سینەما و فیلم و شانۆ دەگەیەنێتە بینەر.

هەروەها، وتیشی: ئاسانترین و گرانترین بەشی هونەر نواندنە، بۆیە ئەکتەر ڕۆڵی سەرەکی  دەبینیت  و هەر ئەو دەیکاتە خاوەن هەڵویست، بەداخەوە هونەری کوردی خۆی هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی خەڵک سەیری درامای دوبلاژکراو بکات.

لەبەشێکی دیکەى چالاکییەکانی کۆتا ڕۆژدا،  پێنج کورتە فیلم نمایشکران، کە بریتی بوون لە شارت، عاوینی قوڵنگان، جێژوان، قەدەر تاوان درۆ و بۆینباخە خەت خەتەکە.

د.ع