کەلار، دیبه‌یتێك له‌سه‌ر نواندن و شانۆ ئەنجامدرا

دووه‌م ڕۆژی دیداری هونه‌ری گه‌رمیان بۆ سینه‌ما وشانۆ، به‌دیبه‌تێك له‌سه‌ر نواندن و شانۆ و فیلمی كوردی كۆتایهات.



لە چوارچێوەى دیدارى هونەرى گەرمیان، شه‌وی ڕابردوو، له‌هۆڵی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی وه‌رزش ولاوانی گه‌رمیان، له‌ شارۆچكه‌ی كه‌لاری ناوه‌ندی ئیداره‌ی گه‌رمیان، دیبه‌تێك سازكرا.

له‌سه‌ره‌تای دیبه‌یته‌كه‌دا، د.جه‌بار خه‌مات، له‌سه‌ر نواندن و كلینیكی شانۆی قسه‌ی كرد و وتی : كلینیكی شانۆ پێویسته‌ به‌كاری بێنین بۆ چاره‌سه‌ری گرفت و كێشه‌كانی خه‌ڵك و ببێته‌ ماڵی بینه‌ر به‌ تایبه‌ت و خه‌ڵك به‌ گشتی، به‌داخه‌وه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م بواره‌ كه‌متر توانیویه‌تی پێشكه‌وتن به‌خۆوه‌ ببینیت.

پاشان، ناسر حه‌سه‌ن، له‌سه‌ر فیلمی 'كوردی وده‌ستپێك به‌ره‌و كۆێ'، تێدا قسه‌ی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد، كه‌ فیلمی كورد له‌ قۆناغێكی سه‌خته‌وه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ هه‌نگاوی باشی بڕیوه‌ و له‌ سه‌ره‌تاوە  تا ئێستا ژماره‌یه‌ك فیلمی باش به‌رهه‌م هێنراون و هونه‌رمه‌ندی باش پێگه‌یشتوون، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كوردستان به‌ دۆخێكی خراپی قه‌یراناویدا گوزه‌ر ده‌كات، فیلمی كوردی نه‌یتوانیوه‌ وه‌ك پێویسته‌ خۆی به‌رهه‌م بهێنیت و ڕاوه‌ستانێكی پێوه‌ دیاره‌.

دوا كه‌س، كه‌ له‌ دیبه‌یته‌كه‌دا، قسه‌ی كرد، حه‌مه‌ سوار بوو، كه‌ تێدا، باسی له‌ نواندن له‌سه‌ر شه‌قام کرد، ئاماژه‌ی به‌ مێژووی دروستبوون و هه‌نگاوه‌كانی ئه‌م هونه‌ر به‌ره‌ پێشكه‌وتن و گرفته‌كانی و پێداویستیه‌كانی بۆ خۆ ئاماده‌كردن كرد، بۆ ئه‌وه‌ به‌ره‌و پێش بڕوات، تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی له‌م ماوه‌ی دوایدا ئه‌م شانۆیه‌ ته‌كانێكی باشی داوه‌.

دواتر، هونەرمه‌ند و هونه‌ردۆستانی ئاماده‌بووانی دیبه‌یته‌كه‌ پرسیار و تێبینیه‌كانیان ئاراسته‌ی میوانانی دیبه‌یته‌كه‌ كرد.

د.ع