کەلار، چایخانەیەک دەکرێت بە شوێنی هەفتە فیلمی سینەمایی

لەبەر نەبوونی سینەما لە سنوری گەرمیان و خولیای خەڵکەکەی بۆ تەماشاکردنی فیلمە سینەماییەکان، کۆمەڵێک گەنجی شارۆچکەکە بە هاوکاری سایتی کورد فیلم، لە ژێر ناوی پرۆژەی سینەما کلتور، هەموو شەوانێکی هەینی لەناو چایخانەی میللەت فیلمێکی سینەمایی پەخشدەکەن و خەڵکیش بە جۆشەوە ڕووی لێدەکەن.


لە سنوری ئیدارەی گەرمیان هیچ سینەمایەک و شوێنێکی تایبەت بۆ تەماشاکردنی فیلمە سینەماییەکان نییە، بۆ پڕکردنەوەی ئەم بۆشاییە بەشێک لە گەنجانی چالاکوان و هونەرمەند وهەوادارانی سینەما لە شارۆچکەی کەلار، بە هاوبەشی سایتی کورد فیلم هەستاون بە پرۆژەیەک بە ناوی سینەما کلتور، بۆ بەکلتورکردنی سینەما و ئاشناکردنی خەڵک بە دنیای فیلمسازی، هەموو هەفتەیەک شەوانی هەینی فیلمێکی سینەمایی دەرهێنەرە کوردەکان لە ڕێگای داتاشۆوە لەناو چایخانەی میللەت پەخشدەکەن.

سەبارەت بە پرۆژەکە و ئامانجیان، ئاشتی محەمەد، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پرۆژەکە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەم پرۆژەیە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی و نەبوونی سینەمایە لە سنورەکە، بەبێ هاوکاریکردنی هیچ لایەنێک بە توانای خۆمان توانیومانە پرۆژەکەمان تا ئاستێک بە سەرکەوتن بگەیەنین، بەدەمەوە هاتنی خەڵکیش بۆ پرۆژەکەمان لە پێشبینییەکانی ئێمە زۆر زیاتربوو، ئەمەش دەریدەخات کە لەم شارۆچکەیە خەڵكیکی زۆر ئاشقی فیلم و سینەمان.

هەروەها جیاواز لە ئامانجی بە کلتورکردنی سینەما ئێمە دەزانین کە ئەم پرۆژەیە تینوێتی ئەو بوارە ناشکێنێت، بۆیە ئەم پرۆژەیەمان کردووە بە پەیامێک کە لە ڕێگەیەوە داوا لە وەزارەتی ڕۆشنبیری لایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە ئەم شارۆچکەیە پێویستی بە سینەمایەک هەیە، هیچ نەبێت هاوکاری ئێمە بکەن کە جێگەیەکی تایبەت و گونجاو بکەینەوە بۆ ئەم مەبەستە.

سەرکەوت جەلیل، هاوڵاتییەکی شارۆچکەکە لەوبارەیەوە بۆ ڕۆژنیوز وتی: لە سنوری گەرمیان بەگوێرەی زۆری ڕێژەی دانیشتوان و فراوانی جوگرافی لە بواری سینەمایی و هونەردا پشتگوێخراوە، کۆمەڵێک هونەرمەند و بەهرەدار و شانۆکاری لێیە بەڵام جێگەیەکی تایبەت نییە تواناکانیان کۆبکاتەوە، بۆیە گەرمیان پێویستییەکی زۆری بە سینەما هەیەو و نەبوونی بۆشاییەکی دیارە، ئەم پرۆژە خۆبەخشییە زۆر گرنگە، هیچ نەبێت بۆشاییەک لە بواری فیلم و سینەمادا پڕدەکاتەوە، هەروەها خەڵک لەگەڵ سینەمادا ئاشت دەکاتەوە.

ئەو هاوڵاتییە بەمشێوەیەش داوای لە حکومەت کرد وتی: داواکارین کە حکومەت سەرەتا پلانێکی تۆکمە و بودجەیەکی پێویست بۆ ئەو بوارە لە گەرمیان دابین بکات و شوێن و تەکنیک و کادری باشی بۆ دابین بکات، بۆ گرنگیدان و پێشخستنی سینەما، چ لە ڕووی نمایش چ لە ڕووی بەرهەمهێنانی فیلمی سینەمایی. 

سەبارەت بەم بابەتە سەربەست ئەحمەد، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان بۆ ڕۆژنیوز، وتی: ئەم هەوڵانە و هەموو ئەو هەوڵانەی پێشووش کە بۆ بە کلتورکردنی سینەما دراون گرنگ و باشن، بەڵام ئەمە تێری ناکات چونکە سینەما کۆمەڵێک پێکهاتە و تایبەتمەندی و پێویستی خۆی هەیە، کە هۆڵ و شاشە و سیستمی دەنگ و پرۆجێکشن و کادری تایبەت و بینەری باشن، کە ئەمەش لە گەرمیاندا نییە، چونکە سەرمایە گوزاری گەورەی پێویستە و دەبێت بە کەرتی تایبەت بکرێت، سینەما بووە بە پیشەسازی و بازرگانی و لە ئیشی حکومەت نەماوە، لەلایەکیتریش، لە باشوری کوردستان سینەما مێژووی نییە.

سەربەست وتیشی: لە ئێستادا لە شارۆچکەی کەلار، هۆڵێکی تایبەت بۆ سینەما دروستکراوە بەناوی هۆڵی هونەر، بەڵام بۆ دابینکردنی تەکنیک و پێویستییەکانی سەرمایەیەکی گەورەی دەوێت و هیچکام لە سەرمایەداران و بازرگانەکانی گەرمیانیش ئامادەنین کار لەم پرۆژەیە بکەن و بیکەن بە کەرتی تایبەت و بەرهەمهێنان و بازرگانی تیابکەن، بۆیە لێرەوە داوا لە شارەوانی و تەواوی سەرمایەداران و دەوڵەمەندەکان و مۆڵەکان دەکەم کە گرنگی بەم بوارە بدەن و ئەو هۆڵە بکەن بە سینەمایەکی پێشکەوتوو لە گەرمیاندا و لەپاڵ ئەم بازرگانییەش گرنگی بە فیلمسازی و بەرهەمهێنانی فیلم بدەن.

ک.س