کەلار، 'گوڵە سوورەکەی حامییە'ی لە یاد نەکرد

لە چایخانەی میلـلەت بۆ بیرهێنانەوەی ساڵیادی تیرۆرکردنی شاعیری تیرۆرکراو 'بەکر عەلی' ناسراو بە 'گوڵە سوورەکەی حامییە' بە دروشمی حەقبێژەکان نامرن، یادێک بەڕێوەچوو، تێیدا ژیان و شیعرەکانی خوێندرایەوە و خرایەڕوو.


شەوی ڕابردوو لە چایخانەی میلـلەت-ی کلتوری لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ٢٥مین ساڵیادی تیرۆرکردنی بەکر عەلی-ی شاعیر و چالاکوان، بە دروشمی "حەقبێژەکان نامرن"، بەرز ڕاگیرا.

لەسەرەتای یادەکەدا بەڵگە فیلمێک لەسەر ژیان و تێکۆشانی بەکر عەلی لە ڕێگای داتاشۆوە نیشاندرا.

دواتر لەلایەن مراد ساڵەح پەیامی یادەکە خوێنرایەوە و تیایدا هاتبوو: ساڵانێکە ئەم دەسەڵاتە دەیەوێت تیرۆرکردنی بەکر عەلی بە پرسێکی شەخسی نیشان بدات و دایبڕێت لە خەباتی چینایەتی خەڵکی کوردستان، کە ئەمەش لە قاڵبدانی خەباتە شۆڕشگێڕانەکەیەتی، بەکر عەلی شۆڕشگێڕانە توانی وەکوو یەکێک لە دیارترین ڕابەرەکانی بزوتنەوەی جەماوەری دەربکەوێت، لێرەوە دەبێت بە بەشێک لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کرێکار و چەوساوە.

هەروەها لە درێژەی یادەکەدا لەلایەن هەر سێ شاعیر مراد ساڵح و سەردار نۆڕێ و هاوکار نەسرەدینەوە، بە شێک لە شیعرەکانی شەهید خوێنرانەوە و چەند پارچە شیعریتریان پێشکەش بە ئامادەبووان کراد.

بەکر عەلی لە ساڵی ١٩٦٨ لەدایکبووە، جگە لەوەی شاعیرێکی دیار بووە و خاوەنی چەندین بەرهەمی ناوازەیە، هاوکات چالاکوانێکی کرێکاریی بووە، وەک هەزاران کەسی دیکە لە شاری سلێمانی لە گەڕەکی حامییە نیشتەجێ بووە، کە دەکاتە پارکی ئازادی ئێستا، هەربۆیە لە دوای ڕاپەڕینەوە دەسەڵاتدارانی حکومەتی هەرێم چەندین جار داوا دەکەن کە ئەو گەڕەکە چۆڵبکرێت و پێیان دەڵێن ئەمە تەجاوزە و موڵکی گشتییە، بەڵام دانیشتوانی گەڕەکە بەهۆی کەم دەرامەتییەوە شوێنەکە چۆڵ ناکەن و چەنیدن چالاکی بەڕێوەدەبەن، کە بەکر عەلی پێشەنگایەتی زۆرینەی چالاکییەکانی کردووە.

لە جەژنی کرێکاراندا لە ١-٥-١٩٩٤ و چوار مانگ پێش تیرۆرکردنی، لە چالاکییەکی بەرفراواندا بەکر عەلی بە دەسەڵات دەڵێت:"هەرکاتێک لقی چواری پارتی و مەڵبەندی یەکێتی و بارەگاکانی سۆسیالیست لە سلێمانی چۆڵکران کە موڵکی گەل-ن، ئەوکاتە ئێمەش ئەم خانووە گڵ و کۆنانە ڕادەست دەکەینەوە، کە ناچارین تێیدا بژین ئەگینا شوێنی ژیان نییە".

دواجار و لە یەکێک لە چالاکییەکاندا، لە ١-٩-١٩٩٤ بەکر عەلی دەکەوێتە بەر دەستڕێژی گولـلەی هێزە ئەمنییەکانی حکومەتی هەرێم لە سلێمانی و شەهید دەبێت و دواتر و تا ئێستاش بە شاعیری چەوساوەکان و گوڵە سوورەکەی حامییەی سلێمانی دەناسرێت، کەسانی چاودێر و ڕۆژنامەنووسان باس لەوە دەکەن، کە ئەو هێزە ئەمنییەی بەکر-ی تیرۆرکردووە، لەلایەن پارێزگاری ئەوکاتەی سلێمانییەوە مۆڵەتی تەقکردنیان پێدراوە، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێم و حزبی دەسەڵاتداری سلێمانی "یەکێتی"، هیچ قسەیەکیان لەسەر ئەو تیرۆرە نەبووە، بەڵام ناڕاستەوخۆ باسیان لەوە کردووە، گوایە "کارێکی شەخسی بووە تیرۆرکردنەکە، نەک سیاسیی و ئەنقەست".

س.ح