کەلەپووری کورد، گەنجینەیەکە لە ڕەسەنایەتی هەر چوار پارچە

ئنستیتوتی کەلەپووری کورد، ۱٦ ساڵە کار لە سەر دەنگ و نووسراوە دێرینەکانی هەر چوار پارچەی کورستان دەکات و بووەتە گەنجینەیەکی کەلەپووری زارەکی و ژیان بە بەر دەنگ و نووسینە ونبووەکاندا دەکاتەوە.


ڕێکخراوی ناحکومی ئنستیتیوتی کەلەپووری کورد، کە دەکەوێتە تەنیشت پارکی ئازادی لە شاری سلێمانی، لە ساڵی ۲۰۰۳ لە لایەن هونەرمەندی گەورەی کورد مەزهەری خالقی، بە مەبەستی دۆزینەوەی نووسین و دەنگە ونبووەکانی ناو فولکلۆری کوردی و پارێزگاریکردن لێیان وەک سامانێکی نەتەوەیی دامەزراوە.

کاری ئەم ناوەندە ڕێگای نوێنەرەکانیانەوە لە شار و گوند وناوچەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان بریتییە، لە کۆکردنەوەی دەنگە ڕەسەن و نووسراوە کۆنەکان، کە ئامانجی سەرەکی برەودان و دەوڵەمەندکردنی ئەدەب و فۆلکلۆری کوردییە بە هەموو زاراوەکانەو، هاوکات لقێکیشی لە دهۆک هەیە.

ئەم ناوەندە کەلەپوورییە، پێکهاتووە لە بینایەکی پێنج نهۆمی و پێنج بەشی جیاواز، کە بە گەلێک فەرش و وێنەی ژیانی کوردەواری ڕازێندراوەتەوە، سەرەتا هۆڵی پێشوازی کە کۆمەڵێک فۆتۆی تێدا دانراوە لەگەڵ دوو بازاڕی بچووک تایبەت بە شمەکی کەلەپووری و ئەلبوومی هونەرمەندان.

بەشی چاپ و لێکۆڵینەوە، کارەکەیان بە دوو جۆرە، دەنگ و نووسین، کە بەرهەمی هەر گۆرانیبێژ یان دەنگبێژێک دێتە بەردەستییان ژیاننامەکەی بە هەردوو زاراوەی سۆرانی و کرمانجی ئامادەدەکەن و دواتر ئەو دەنگەی کە بۆیان هاتووە سەرلەنوێ لە ستۆدیۆی ئەنیستیتیۆ خاوێنی دەکەنەوە.

شیکردنەوە و لیکۆڵینەوە لەو دەنگانە، لە لایەن کەسانی لێهاتوو و شارەزاوە بەدواداچوونی بۆ دەکرێت، کە هەندێک مامۆستای زانکۆشی تێدا بەشدارە، توانیویانە تا ئێستا ۲٤۰ کتێب هەر لە ناوەندەکەی خۆیان چاپ بکەن و هاوکات نزیکەی حەفتا ئەلبوومی هونەرمندانیان تۆمار کردووە.

یاسین حسێن بەرپرسی بەشی چاپ و لێکۆڵینەوە، لە بارەی بەشەکەوە دەڵێت: ئێمە لەسەر مێژوو دەڕۆین، بۆنمونە کەسێکی دەنگبێژ لاوکێکی وتووە، ئێمە بە دوای ئەو نووسینانە دەچین و لە کوێ، چۆن، کەی و لە چ سەردەمێک وتراوە، بە بەرفراوانی کاری لە سەر دەکەین.

یاسین نمونەی جۆرەکانی هەڵپەڕکی هێنایەوە "١٤٠ جۆری هەڵپەرکێ یاخود گۆڤەندی کوردی هەیە، کە هەموویان پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی زانستی هەیە، نمونەش ئەوەی کە لە گۆڤەندا ژنی کورد هیچ کات سەری نەوێ ناکا و بە سەربڵندی هەڵدەپەڕێت، کە ئەمە تایبەتمەندی خۆی هەیە".

بەشی دەنگ و ڕەنگ، ئەم بەشە بە بەشێکی گرنگی ئنستیتوتەکە دادەنرێت و کاردەکەن لە سەر کۆکردنەوەی ئەو بابەتانەی کە گرێدراوە بە کەلەپووری کوردەوە، کە بەشێوەیەک پۆلێندەکرێن و گۆرانی، فۆتۆ و هەرشتێک پەیوەندیدار بێت بەو بابەتەوە و قۆناغ بە قۆناغ ئامادەی دەکەن.

شێبا محەمەد کارمەندی بەشی دەنگ و ڕەنگە و دەڵێت: لای ئێمە بە خام و بە ئامادەکراوی گۆرانییەکان هەن، کە سەرەتا دەچێتە لای ستۆدیۆ کاری خاوێنکردنەوەی بۆ دەکرێت و پاشان بۆ لای چاپ و لێکۆڵینەوە کاری دیزاین و لە کۆتایشدا لە لایەن ئێمەوە پێداچوونەوەی گشتی بۆ دەکرێت و دەخرێتە بازاڕەوە.

بەشێکی دیکەی کەلەپووری کورد، بریتیە لە کتێبخانەی کەلەپووری کورد و تێیدا ١٢هەزار کتێبی بە زمانە جیاوازەکان تێیدایە.

هەروەها هۆڵێک لە بیناکەدایە، کە بریتییە لە ٣٠٠ کورسی، زۆرێک لە چالاکی و کۆنسێرتە هونەرییەکانی تێدا بەڕێوە دەچێت، بەڵام ئێستا بە هۆی قەیرانی داوارییەوە چالاکییەکانیان کەم بووەتەوە.

س.ح