کەمەندی.. گەشتی غەریبەیەک بەنێو حەوت هونەردا

کەمن ئەوانەی وەک کەمەندی داخ بە دڵی عاشقاندا دەکەن و دەبنە هاوەڵی تەنیایی ڕێگاکانیان، کەمن ئەوانەی وەک کەمەندی لەگەڵ دڵە شكاوەکان دەدوێن، کەمەندی ئەو غەریبەیە بوو کە سوتانی خۆی کردە چرا و ڕێگای حەوت هونەری پێ ڕۆشن کردەوە.


ئەو نە هیچ کات ئامادەکاریی بۆ وتنی گۆرانییەک دەکرد و نە پلانی بۆ کردنی کارێکی هونەری دادەنا، کەی هونەر لە دەرگاکەی ئەوی بدایە، دڵی خۆی بۆ دەکردەوە و لە کۆتاییشدا دەیکردە دیاری بۆ عاشقانی هونەر.

هیچ کات کەمەندی خەڵکی ئامادە نەدەکرد بۆ گوێگرتن لە بەرهەمەکانی، بینینی وێنەکانی یان خوێندنەوەی شیعر و نووسینەکانی، ئەو لە هەرکاتێکدا هونەرەکەی جوڵابێت و هاتبێتە ناو ڕوحیەوە، وەک چرا شەوقی داوەتەوە و خەڵکیش پێشوازییان لێکردووە.

وێنەکێشان خولیای سەرەکیی کەمەندی بوو، پێش هەر بەرهەمێکی گۆرانی، وێنەکەی لە بیر و هۆشی خۆیدا دەکێشا و لەسەر بەرد و دیوارەکان دەینەخشاند، ئەوکاتانەی کە ڕۆحی بۆ دەربڕینی خەمێک بە گۆرانی وتن کۆمەکی نەدەکرد، لە ڕێی وێنەکێشانەوە بە جارێک هەموو هەستەکانی دەهاتنە ناو پەنجەکانی و وەک ئەوەی جیهانێکی دیکە لە دایک ببێت، تابلۆیەکیان دەهێنایە بوون.

تەنیایی و کەمەندی دوو دوانەی لەیەک دانەبڕاون، لەگەڵ تەنیایی گەورە دەبێت و لە تەنیاییشدا بەرهەمەکانی لە دایک دەبن، تەنیا لەڕێگەی وێنەکانیەوە دەتوانین بە دنیای دەرەوەی کەمەندی ئاشنا ببین، چونکە تەنیا لە ڕێگەی وێنەکێشانەوە بەرکەوتنی بە دەوروبەری هەبووە، بە پێچەوانەوە تەنیاییەکەی لە گۆرانی وتندا ڕەنگدەداتەوە و تا ئەوپەڕی فەنابوون، ڕۆدەچێت بەناو خۆیدا.

کەمەندی بە بێنازیی و دڵشکاویی گەورە دەبێت، بەڵام دواجار دڵی دنیا دەداتەوە، دەبێتە بەدیهێنەر لە حەوت هونەری جیا جیادا، تەنیایی بۆ کەمەندی بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ کارە هونەرییەکانی.

عەباسی کەمەندی، ئەدیب و شاعیر، شێوەکار و دەرهێنەر و فیلمساز و سیناریست، گۆرانیبێژ و ڕاگەیاندکار و مێژوونوسێکی بەتوانا بوو، بەڵام وەک خۆی دەڵێت، کاتەکانی زیاتر لەگەڵ وێنەکێشان بەسەر بردووە، زیاتر لە هونەرەکانی دیکە لە ڕۆحییەوە نزیک بووە، بەڵام هەرچی بێت وەک خۆی دەڵێت، ئەو نەچووە بە دوای هونەردا، بەڵکو هونەر بە دوای ئەمدا گەڕاوە.

کەمەندی لە تەمەنی ١٣ ساڵییەوە یەکەم شیعری خۆی دەنوسێت، بەڵام درەنگ بڕاوی پێ دەهێنن کە بەرهەمی خۆی بێت، چونکە بێ ئاگابوون لەو تەنیاییە پەنگخواردووەی ناوی، کە هەمیشە بە دوای پەیداکردنی هاوەڵدا دەگەڕا بۆی.

دوێ شەو کە بە ناز لێم چویتە سەر بان

بـەو نـیـوە شـەوە سـەرت لــێم شێواند

ئــاخــر نــەمـدیــبـوو هـەتـاکـو دوێ شەو

دوو مـانـگ بدرەوشێ لـە یـەک ئاسمان

کەمەندی نەیشاردووەتەوە، کە تا شیعری هەورامی مابێت بۆ هۆنراوەی گۆرانییەکانی دانامێنێت، لەکوێدا تێکستێکی هەورامی بەرچاو کەوتبێ و وەک شیعرەکانی خۆی ئاوی ڕۆحی دابێت، لێی نەوەستاوە و ئاوازی بۆ داناوە، لەمبارەیەوە زیاتر دەڵێت و پێیوایە تەنانەت هونەری فارسییش ئیلهام لە شیعری هەورامی وەردەگرێت.

نەتۆرێی، کە یەکێکە لە شاکارە بەنێوبانگەکانی کەمەندی و زۆربەی هۆنراوەکەی هەورامییە، خۆی بەمجۆرە لەبارەیەوە دەدوێ و دەڵێت، بەم گۆرانییە داخێکم کرد بە دڵی عاشقاندا، ئەو سووتانەی کە هەمبوو، تینکەی گەیشتە دڵی ئەوانیش.

عەباس کەمەندی ساڵی ١٩٥٢ لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە و لە منداڵییەوە بەهرەی دەنگخۆشیی و نیگارکێشی تێدابووە و تاکە کەس لە بنەماڵەکەیدا شوێنکەوتووی هونەر بووبێت، باوکی بووە کە شمشاڵژەن و دەنگخۆش بووە، منداڵییەتی پڕ لە مەینەتی و ئێش و ئازار بە بێ بوونی دایک و باوک تێپەڕاندووە.

هۆنراوە و ئاوازی گۆرانییەکانی هەڵگری ئەوینداریی بۆ سروشت و خۆشەویستی بووە، هەڵگری دەنگێک بووە کە ئەستەمە دووبارە ببێتەوە، زیاتر ئیلهامی لە ئەدەب و هونەری هەورامی وەرگرتووە، کە بە ئاشکرا لە گۆرانییەکانیدا ڕەنگیداوەتەوە.

ئەم هونەرمەندە هیچ کات بە دوای سیاسەت نەکەوتووە، بەڵام لە دوای لەسێدارەدانی لەیلا قاسم، شیعرێک بۆ پیاهەڵدانی دەهۆنێتەوە کەچی دەرفەتی بۆ هەڵناکەوێت کە بیکات بە گۆرانی و هەر وا دەمێنێتەوە.

چۆڵی ناکەم سەنگەری چۆڵت خوەیشکە لەیلا

تا نەکێشم باری سەرکۆڵت خوەیشکە لەیلا

هونەرمەند عەباسی کەمەندی، چوار ئەلبووم گۆرانی بە ناوەکانی گەلاوێژ، ھەورامان، پرشنگ، کیژی کورد، بڵاو کردووەتەوە، بۆ ماوەی ٣٥ ساڵ لە ڕادیۆی دەنگی شاری سنە کاری کردووەو زۆربەی بەرهەمەکانی لەوێ تۆمار کردووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی ٢٢ی ئایاری ٢٠١٤ کەمەندی لە تەمەنی ٦٢ ساڵیدا دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوت و بۆ هەمیشە چاوەکانی لێکنا، لە مەزارگەی ئاساوڵەی شاری سنەی زێدی باو و باپیرانی بەخاکسپێردرا.

ش.ف