کەنەکە: سەرکەوتن بەسەر داعشدا ڕووداوێکی مێژووییە

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان و شەڕڤانان و پێشمەرگە و گەریلا دەکات، بە بۆنەی سەرکەوتن بەسەر چەتەکانی داعشدا، دەشڵێت: ئەوە ڕووداوێکی مێژووییە.


شەڕڤانانی هێزەکانی سوریای دیموکراتی-قەسەدە، دوێنێ ٢١ی ئازار، کە یەکەم ڕۆژی نەورۆز بوو، کۆتایی داعشیان لە سوریا ڕاگەیاند، ئەوەش دوای شەش ساڵ شەڕ، لەو بارەیەشەوە کەنەکە ئەمڕۆ بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

کەنەکە ڕایگەیاندووە: خەڵکی کوردستان و دۆستانیان لەم شەڕەدا قوربانییەکی زۆریان دا، لە سەرانسەری کوردستان، لە پێکهاتەکانی ڕۆژائاوە و باکوری سوریا، بە هەزاران کەس، بە تایبەتیش گەنجان ژیانیان لەدەستدا و شەهید بوون. ئەو سەرکەوتنە بە ڕەنج و فیداکاریی ئەو شەهیدانە بەدیهات. لە کەسێتی ئەواندا ئێمە بە ڕێز و شکۆوە هەموو شەهیدانی ئازادیی بەبیردێنینەوە و سەری ڕێز لە بەرمبەریان دائەنەوێنین و درێژە بە ڕێگایان ئەدەین.

لە لێدوانەکەدا ئەوەش هاتووە: سەرکەوتنی کوردستانیان و هاوپەیمانیی لە دژی داعش و هاوپەیمانەکانی لە مێژووی تێکۆشان دژی تێرۆریزم و ڕەگەزپەرستی و دواکەوتوویی ڕووداوێکی مەزن و مێژووییە.

هەر لە لێدواکەدا باس لەوە کراوە: کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان کە فیداکارییەکی بێوێنەیان کرد، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، گەریلا، پێشمەرگە، هێزەکانی سوریای دیموکرات، هەروەها لە دۆستانی ناونەتەوەیی و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش ئەکات، کە ئەو ناوچەیە و جیهانیان لە بەڵای داعش رزگار کرد.

کەنەکە داواشی کردوە: ئەو یەکدەنگیی و هاوڕاییەی لە پڕۆسەی شەڕی داعشا کرا، بەردەوام بێت. هەتا هەموو هەوڵدانێکی تر بۆ درووستکردنی هێزێکی توندڕەو و دژە کوردستان شکست پێبێنن.

لە کۆتایشدا دەڵێت: ئاشکرایە بۆ ئەم سەرکەوتنە گەورەیە قوربانییەکی زۆر درا. داوا لە خەڵکی کوردستان و دۆستانی دۆزی کوردستان ئەکەین بە دڵێکی گەرم و جۆشێکی زۆرەوە پێشوازی لەم سەرکەوتنە بکەن و پیرۆزی بکەن.


ک.ک