کەیهان کەلهوڕ خەڵاتی جیهانی موزیکی بردەوە

ژەنیاری بەناوبانگی کورد (کەیهان کەلهوڕ)، ١٩ـەمین خەڵاتی جیهانی میوزیکی (womex)ی بەدەستهێنا.


 

کەیهان کەلهوڕ ژەنیاری ئامێری کەمانچە (جۆزە)یە کە لە جیهاندا بەناوبانگە، بەهۆی زاڵبوونی بەسەر کەمانچەکەی و داهێنانی نوێی لە میوزیکدا بووە براوەی ١٩ـەمین خەڵاتی (womex).

ڕێکخراوی (womex) لەسەر ماڵپەڕەکەی خۆی هۆکاری بردنەوەی ئەو خەڵاتەی لەلایەن کەیهان کەلهوڕەوە بەوشێوەیە ڕاگەیاندووە: "کەیهان کەلهۆڕ بەهۆی زاڵبوون، شارەزایی لە ڕادەبەدەر، داهێنانی نوێ و دروستکردنی زمانێکی نوێ لە میوزیکدا و گەیاندنی دەنگی میوزیکی کلاسیک بە خەڵکی جیهان ئەو خەڵاتەی پێبەخشراوە".

بڕیار وایە خەڵاتەکە ڕۆژی ٢٧ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ لە مەراسیمێکدا لە وڵاتی فلاندا پێشکەشی کەیهان کەلهۆڕ بکرێت.

ڕێکخراوی womex هەموو ساڵێک لە پێناو ڕێزگرتن لە باشترین میوزیکژەنی جیهان، کاریگەری سیاسیی و ڕێزگرتن لە تەمەنێک کاری هونەری، ئەو خەڵاتە دەبەخشێتە هونەرمەندێک.

"کەیهان کەلهوڕ" ڕۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ١٩٦٣ لە شاری "شاباد" (ئیسلامئابادی ڕۆژئاوا) لە پارێزگای کرماشان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی منداڵیدا بەهۆی هۆگری میوزیکەوە دەستیکردووە بە پەروەردەبینین و خوێندنی میوزیک، لەتەمەنی ١٣ ساڵیدا لەگەڵ ئۆرکێسترای ڕادیۆ - تەلەفزیۆنی کرماشان دەست بە هاوکاری دەکات، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا دەڕواتە ئیتاڵیا و دوای ئەوە بۆ درێژەدان بە خوێندن دەڕواتە وڵاتی کەنەدا و بەشی میوزیک (ئاوازدانان) لە زانکۆی 'کارلتون'ی ئەو وڵاتە تەواو دەکات، بەهۆی زاڵبوونی بەسەر ئامێرە موزیکییەکانەوە هەر زوو ناوبانگ بەدەستدەهێنێت و لە ئاستی وڵاتی ئێران و جیهاندا دەناسرێت و دەبێتە خاوەنی چەندین خەڵات لە بواری میوزیکدا و تا ئێستا لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا لەگەڵ میوزیکژەنە هەرە بەناوبانگەکانی جیهان کۆنسێرتی کردووە.

ک.س